سبەينێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆدەبێتەوە

سبەينێ سێ شەممە 22ـى ئازارى ٢٠١٧، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی بەشدارە هەروەها  فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەوڵەکان بۆ لەناوبردن و ریشەکێشکردنی داعش لە سووریا و عێراق تا دێت چڕتردەبنەوە، لە هەموولایەک چەکدارانی ئەو رێکخراوە گەمارۆدراون و رۆژ دوای رۆژ لە کاتژمێرەکانی کۆتایی نزیکتردەبنەوە.

موسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق و بڕبڕەی پشتی داعش، خەریکە بەتەواوەتی لەلایەن هێزە عێراقییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵدەکرێتەوە و دوای موسڵیش. هاوپەیمانان چاویان لە کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە، پایتەختە دیفاکتۆکەی داعشە لە سووریا.

ئیدارەی نوێی ئەمریکا سوورە لەسەر لەناوبردنی داعش، خودی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تاڵوکەیە بۆ راگەیاندنی کۆتایی داعش لە ناوچەکە.

بۆخێراکردنی شەڕی دژ بە داعش و رووخاندنی بەتەواوەتی، بڕیارە رۆژى سێ شەممە، 22ی ئاداری 2017 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. لە واشنتن دی سی پایتەخت، لەگەڵ بەشێک لە ئەندامە سەرەکی و کاراکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش کۆببێتەوە.

شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە ئێستا لە واشنتنە، لە نێوشاندەکەدا فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشدارە و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا دەکات، ئەمەش یەکەمجارە کە لە شاندی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، نوێنەری هەرێمی کوردستان هەبێت.

بڕیارە کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوبچێت و هەروەها یەکەمین کۆبوونەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکاش دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، ئامانج لە کۆبوونەوەکە خێراکردنی شەڕی دژ بە  داعشە لەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستا لە سووریا و عێراق، بەتایبەتیش لە موسڵ و رەققە لەژێر دەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوانەدا ماونەتەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش بکرێت و پلانی کۆتاییهێنان بە یاری داعش لە ناوچەکە بهێندرێت.

بابەتی دواتر

دادگای باڵای عێراق بڕیاری ئازادكردنی بۆ 2626 خۆپیشاندەر دەركرد

دادگای باڵای عێراق بڕیاری ئازادكردنی بۆ دوو هەزار و ٦٢٦ خۆپیشاندەر كە لەخۆپیشانانەكاندا دەستگیركرابوون، دەركرد. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *