A man carries a baby near damaged buildings in the rebel held besieged city of Douma, in the eastern Damascus suburb of Ghouta, Syria December 30, 2016. REUTERS/Bassam Khabieh

ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشێكی نوێى بۆ ناوچه‌كانی ده‌روازه‌ی دیمه‌شق ده‌ستپێكرد

ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئه‌مرۆ له‌ هێرشێكدا له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق و رێگای سه‌ره‌كی به‌ره‌و شاره‌كه‌، هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵكرده‌وه‌ كه‌ كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ده‌ستیان دابوو.

وته‌بێژی فه‌یله‌قی ڕه‌حمان وائیل عه‌لوان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گروپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌، به‌ رۆیته‌رزی ڕاگه‌یاند :”كاتژمێر پێنجی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ هێرشه‌ نوێیه‌كه‌مان ده‌ستپێكرد و هه‌موو ناوچانه‌مان كۆنترۆڵكرده‌وه‌ كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ لێی كشاینه‌وه‌. ئێستا گه‌راجه‌كانی عه‌باسین له‌ ژێر ئاگری چه‌كه‌كانماندایه‌.”

به‌ڵام هێشتا سوپای رژێمی سوریا ئه‌وه‌ی پشتڕاستنه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند:”هه‌موو ناوچه‌كانی باكوری رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شقی كۆنترۆڵكردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ هێرشێكی كتوپڕدا كۆنترۆڵیان كرده‌وه‌”.

ئه‌و ناوچانه‌ ده‌روازه‌یه‌كی ستراتیژییه‌ بۆ ناوجه‌رگه‌ی دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا.

ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ سوریا به‌رده‌وامه‌، لەگەڵ چەندین هەوڵی نێودەوڵەتیدا نەتوانراوە کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە خاوەنی هێزێکی چەکدارین بەناوی سوپای سوریای ئازاد و چەند شارێکیان لەژێر دەستدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهێنان بەقەیرانەکانی سوریا داوای رۆیشتنی بەشاری ئەسەد دەکەن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، بەڵام ئەو داوایە هەمیشە رەتکراوەتەوە.

لەئێستادا خاکی سوریا بەدەست چوار هێزی گەورەوەیە؛ رژێمی سوریا، کورد، ئۆپۆزسیۆنی سوریاو داعش بەرێژەی جیاواز ناوچەکانی ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدایە.

ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم زیاتر دەکەونە رۆژئاوای سوریاوە لەنێویاندا شاری دیمەشقی پایتەخت و حمس، هەروەها شاری حەلەب لەباکوری رۆژئاواوەو شاری مێژووی تەدمور کە بەمدواییە لەدەستی داعش دەریهێنا.

کوردەکانیش لەباکوری سوریاوە توانیویانە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان کۆنترۆڵبکەنەوە و لەوەش زیاتر شاری مەنبەجیشیان لەژێر دەستدایەو لەئێستاشدا بەرەو شاری رەققەی پایتەختی خەلافەتەکەی داعش لەپێشڕەوییدان.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەدوای لەدەستدانی شاری حەلەب، لەئێستادا تەنها شاری ئیدلب لەباکوری رۆژئاوای وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە لەگەڵ بەشێک لەشاری درعا لەباشوری سوریا.

دەسەڵاتەکەی داعش لەسوریا رۆژ بەڕۆژ لەکزییەو لەچەند لایەکەوە هێرشی بەردەوامیان لەسەرە، بەڵام هێشتا شاری رەقەیان لەژێر دەستدایەو لەرۆژهەڵاتیشەوە لەسنوری عێراق فەرمانڕەوای شاری دێرەزورن.

به‌پێی ئاماره‌كانی‌ ڕوانگەی سوریی كه‌ رێکخراوێکی چاودێرییکاری رەوشی مافی مرۆڤە لەسوریاو بنکەی سەرەکیی لە شاری لەندەنە، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە مردنی زیاتر لە 321 هەزار هاوڵاتیان دۆکیومێنت کردوە باس لەوە دەکرێت 145 هەزار کەسی دیکەش ونبووبن.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان، لەنێو کوژراوەکاندا زیاتر لە 96 هەزار کەسی مەدەنی هەن، “هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 83 هەزارو 500 هاوڵاتیان کوشتووە، لەنێویاندا زیاتر لە 27 هەزارو 500 بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی و 14 هەزارو 600 کەسی دیکەش لەزیندان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.”

بابەتی دواتر

كرێکارێک لەکاتى کارکردندا لە قەزای شارەزوور بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانى لەدەستدا

كرێکارێک کە لە نەتەوەى عەرەبە لەکاتى کارکردندا لە قەزای شارەزوور بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانى لەدەستدا. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *