فازڵ نەبی: دەبێ رێژەی 12%ی بودجەی کوردستان بکرێتەوە 17%

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق،کە لە هەمان کاتدا وەک شارەزایەک بەشدارە لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ پرسی بودجەی عێراق، لە گفتوگۆیەکدا چەند پرسێکی پەیوەست بە بەشە بودجەی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق دەخاتە ڕوو، ئاشکرای دەکات، لە سێ بڕگەی بودجەدا 6 ترلیۆن دیناری کوردستان کەم کراوەتەوە.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، چارەسەر و دەرمانی دەردی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، رەشنووسی بودجەی 2019ی عێراق بۆ حکوومەت بگەڕێندرێتەوە، : “ئێستاش دەرفەت هەیە، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان داوا بکەن رەشنووسی بودجە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەت، چونکە لە حکوومەتدا دەتوانن زۆر باشتر چاکی بکەن و بیگەڕێننەوە سەر ئەو بنەمایەی کە پێشتر بودجەی لەسەر داندراوە”.

جەختیشی کردەوە، ئەو رەشنووسەی هەیە، رەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حکوومەتی عەبادییە و دەبێ دەستکاریی بکرێت، گوتیشی: “بگەڕێتەوە لای حکوومەت، تێبینییەکانی کورد لەبەرچاو دەگیرێن، ئەگەر نەگەڕێتەوە حکوومەت، لە پەرلەمان هەندێک شت دەکرێت، بەڵام دەرمانی دەردی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، چونکە ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەند بێت بە بودجەکە”.

ئەو کە لەنێو بەشێک لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەک شارەزا بۆ پرسی بودجە لە عێراقدا بەشدارە، ئاماژەی بەوە دا، لە هەفتەی رابردوودا لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دراوە: “ئەو خاڵانەی کە پێویستە لە بودجەدا چاک بکرێن دیاری کراون و ئەو خاڵانە بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەغدا کراون بۆ گفتوگۆکردن و چەسپاندنی”.

فازڵ نەبی، پێی وایە دەبێ رێژەی 12%ی بەشە بودجەی کوردستان هەڵبگیرێت و بکرێتەوە 17%، گوتیشی: “هەندێک نەفەقاتی سیادی هەیە ئێمە دیاریمان کردووە، لە وەزارەتی دارایی کوردستانیش ئەو رۆژە کۆبوونەوەیەکمان کردبوو، ئەگەر ئەو بڕگانە بگەڕێنەوە خەرجیی ئاسایی، کێشەکە چارەسەر دەبێت،بودجەی کوردستان لە 17%ی بودجەی عێراق کەمتر بێت، بەکەڵکی هەرێمی کوردستان نایەت”.

ئاشکراشی دەکات “لە سێ بڕگەی بودجەی عێراقدا شەش ترلیۆن دیناریان لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە، تەنیا سێ بڕگە هەیە چاک بکرێن، پشکی کورد لە 9 ترلیۆن دەبێتە 15 ترلیۆن و 500 ملیار دینار”.

سەبارەت بەو سێ بڕگەیە وتی: ”یەکیان کەمکردنەوەی پشکی 17%یە بۆ 12،67%، شتێکی نایاسایی و ناڕاستە و دەبێ بەپێی رێککەوتنەکە بڕۆین، چونکە هیچ سەرژمێرییەک لە عێراق نییە کە پشتی پێ ببەستن، لەبەرامبەریشدا لەم دوو ساڵەدا خەرجییە سیادییەکانیان بە شێوەیەکی زۆر زیادی کردووە، ئەوان لە یەک بڕگەدا بەتەنیا گورزی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان داوە، لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2018 و ئێستاش لە 2019 شتێک هەیە بە ناوی پڕۆژەکانی (عقود التراخی)، لەمێژە رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، کە نابێت ئەم پڕۆژانە لە خەرجییە سیادییەکاندا بێت، چونکە چۆن بەغدا ئەو گرێبەستانەی هەیە، کەواتە پێویست دەکات ئەوە بگەڕێتەوە بۆ خەرجیی ئاسایی و ئەگەر وابێت هەرێمی کوردستان رێژەی 17%ی لێ وەردەگرێت، ئەو بڕە پارەیەیشی کە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە کەم نییە، بڕەکەی 12 ترلیۆن و نیوە، ئێستا خەرجیی سیادی بەگشتی 46 ترلیۆن دینارە، تەنیا یەک بڕگەی 12 ترلیۆن و نیوە، واتە ئەوەی دەمێنێتەوە 33 ترلیۆن و نیو دەبێت، ئینجا بۆ ئەوەی بە هەرێمی کوردستان بڵێین ئێمە ستەممان لە ئێوە نەکردووە. بەڵکوو پشکی ئێوەمان داوە، یەک شتیان زیاد کردووە، ئەوەیش پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە، کە لەنێویاندا پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان کە لێرەدا بڕی 360 ملیار دیناریان لە کۆی 12 ترلیۆن و نیو بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، ئەمەش دەکاتە سنووری 2،5%، کە ئەمە گورزێکی دیکەیە لە هەرێمی کوردستان دراوە.“

فازل نەبی جەختی کردەوە، ئەو سێ بڕگەیەی ئێمە دیاریمان کردوون لابدرێن و بودجە بکرێتەوە بە 17%، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان 6 ترلیۆن و 500 ملیار زیاد دەکات، ئەو کاتە بودجەی کوردستان دەبێتە 15 ترلیۆن و 500 ملیار دینار، گوتیشی: “ئەو 15 ترلیۆن دینارە بەشی پێداویستی و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو کاتە حکوومەتی هەرێمیش پابەندی جێبەجێبەجێکردنی بودجە دەبێت، لەوە کەمتر پابەندی نابێت”.

ئەو روونیشی دەکاتەوە، کاتێک دکتۆر فواد حوسێن کرایە وەزیری دارایی، پێش ئەوەی دەستبەکار بێت، رەشنووسی بودجەکە تێپەڕێندرابوو: “کە وەزیری دارایی چووە بەغدا، ئیشەکە کرابوو، ئەو نەیکردووە، ئێستاش دەبێت کاک دکتۆر فواد حوسێن هەموو هێزی خۆی بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی بودجەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەت”.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی، لەمیانەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بودجەکە نەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت، پەرلەمان ناتوانێت دەستکارییەکی ئەوتۆی بودجە بکات، چونکە بەگوێرەی قانوون و دەستوور، ناتوانێت دەست وەربداتە زۆر بڕگە، بەڵکوو تەنیا بۆی هەیە موناقەلە و کەمکردن لە هەندێک بڕگەدا بکات.

نەبی، پێشی وایە: “عادل عەبدولمەهدی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ گەلی کوردستاندا هەیە، بەتایبەت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ جەنابی سەرۆکی بارزانیدا هەیە و ئەو حەز دەکات کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام مومکینە ئەویش تووشی جۆرە ئیحراجییەک بووبێت لە بەغدا، بۆ چارەسەری کێشەکان”.

باسی بڕگەیەکی رەشنووسی بودجە دەکات و دەڵێت: “لەگەڵ ئەوەی دیاری کردووە، رۆژانە هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام بڕگەیەکی تر هەیە دیاری کردووە کە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 250 هەزار بەرمیلی هەناردە کرد، دەبێت داهاتەکەی بۆ حکوومەتی ناوەندی بگەڕێنێتەوە، هەروەها دەبێت داهاتی ناوخۆش بدات، ئەوان هاتوون سەد دەر سەد پابەندبوونەکانیان خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 60%ی مافەکانی کوردستانیان داوە”.

ئەو بۆ باس وتیشی: “بەداخەوە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2018 و 2019 وەکوو یەک داڕێژراوە، پڕۆژەکەی ساڵی 2019 بڕێک بە وەستاییتر داڕێژراوە لەوەی 2018، کە رەنگە پەلەیان تێدا کردبێت، بەداخەوە هەردوو پڕۆژەکە دوو خراپترین پڕۆژە بودجەن لە مێژووی عێراقی نوێ، بەتایبەت دژی هەرێمی کوردستان”.

بابەتی دواتر

ڕابەری گشتی لەگەڵ مسعود بارزانی کۆبوەوە

مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە صلاح الدین سەردانی کاک مسعود بارزانی سەرۆکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *