روسیا تەقە لە کەشتییەکانی ئۆکراین دەکات

فەرماندەیی ھێزەکانی دەریاوانی ئۆکراینا رایگەیاند، کەشتییەکی پاراستنی سنووری سەر بە خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدڕاڵی رووسیا، لە نزیک گەرووی کێرچی دەریای ئازۆڤ، تەقەی لە کەشتی جەنگی ئۆکراینی کردووە.

فەرماندەیی ھێزەکانی دەریای ئۆکراینا بە نووسراوێک رایگەیاند کە کەشتیەکی پاراستنی سنووری سەر بە خزمەتگوزاری ئەمنی فیدڕاڵی رووسیا تەقەی لە کەشتییەکانی سەر بە ھێزەکانی دەریای ئۆکراینا کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوو کەس بەھۆی ھێرشەکەوە برینداربوون و دوو کەشتی ئۆکراینیش زیانیان بەرکەوتووە.

راشگەیەنرا کە کەشتییە ئۆکراینییەکە بە ناچاری بەمەستی داگیرسانەوە ئاسنی ھەڵداوەتە نێو قوڵایی دەریا.

ھاوکات ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کرا کە کەشتییەکانی ئۆکراینا لە لایەن ھێزە تایبەتییەکانی رووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لەلایەکی دیکەش راگەیاندنەکانی ئۆکراینا زانیاری ئەوەیان بڵاوکردەوە کە کەسێک بەھۆی ھێرشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

پێشتر راگەیەنرابوو کە کەشتییە جەنگییەکانی رووسیا بیانووی ئەوە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئۆکراینا دەگرن کە سنوورە ئاوییەکانی رووسیایان لە دەریای ئازۆڤ لە کەناراوەکانی دوورگەی کریمیا پێشێلکردووە.

بەم پێیەش لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن دەزگای خزمەتگوزاریی ئاسایشی رووسیای فیدراڵ (FSB)ەوە بڵاوکرابووەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە نزیک بە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئەمڕۆ، سێ کەشتیی جەنگیی سەر بە ھێزە دەریاییەکانی ئۆکراینا، بەبێ مۆڵەت ھاتوونەتە ناو سنوورە ئاوییەکانی رووسیاوە.

ئاماژە بەوەشکرابوو کە کەشتییە جەنگییەکان بەرەو گەرووی کێرچ کە پێویستی بە مۆڵەتی چوونە ژوورەوە ھەیە، پێشڕەوییانکردووە و گوێیان بە ھۆشدارییە ئەمنییەکان نەداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکرابوو کە خزمەتگوزاریی ئاسایشی سنوورەکانی رووسیا لە ھەریەک لە دەریای رەش، دەریای ئازۆڤ و گەرووی کێرچ ھەموو رێکارێکیان گرتووەتەبەر و جەخت لەوەکراوەتەوە کە کەشتییە جەنگییەکانی ئۆکراینا ماوەی پێنج کاتژمێرە لە گێچەڵکردن بەردەوامن و ئامانجیان ئەوەیە دۆخی پێکدادان لە ناوچەکە بێننە ئاراوە.

دواتریش لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن ھێزە دەریاییەکانی ئۆکرایناوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە دوو کەشتیی جەنگیی زرێپۆش و کەشتییەکی دیکەی سەر بە ھێزەکانیان ویستوویانە لە ئۆدێساوە دەربچن و بەرەو بەندەری ماریۆپۆڵ لە دەریای ئازۆڤ بچن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی پێشتر زانیارییەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا درابوون، بەڵام چوار کەشتیی رووسی لەبەرامبەر کەشتییەکانی ئۆکراینادا کردەوەی دوژمنکارانەیان ئەنجامداوە.

بابەتی دواتر

دژی کەمبونەوەی کارەبا لە پینجوێن خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

دژی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، چەند رۆژێکە کارەبای نیشتیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *