“رقەبەرایەتی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان زیادیکردووە”

پەیامنێرانی بێ سنوور نەخشەی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە جیھاندا بڵاوکردەوە و نەرویج زۆرترین ئازادیی تیادایە و لە ریزبەندی یەکەمدایە و کۆریای باکووریش لە کۆتایی ریزبەندەکەدایە.

بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ساڵی ٢٠١٨ رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور راپۆرتی ساڵانەی خۆی کە تایبەتە بە ئازادیی رۆژنامەگەری بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەگشتی لە جیھان ئازادی رۆژنامەگەری لە پاشەکشێدایە.

بەپێی پۆڵێنی جیھانی بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی کە رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئامادەی کردووە رقەبەرایەتی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠١٨ زیادی کردووە، ئەم رقەبەرایەتییەش لەدژی دەزگاکانی راگەیاندن بەرپرسانی سیاسیی دنەی دەدەن و رژێمە خۆسەپێنەرەکانیش دەیانەوێت تێڕوانینی خۆیان بۆ رۆژنامەگەری بسەپێنن و ھەڕەشە لە دیموکراسییش دەکەن.

پۆڵێنەکە کە ھەموو ساڵێک بۆ بارودۆخی رۆژنامەگەری لە ١٨٠ وڵات ئەنجامدەدرێت ئەوە خراوەتە روو کە ژمارەی ئەو سەرۆک وڵاتانەی بەڕێگەی دیموکراسی ھەڵبژێردراون رۆژنامەگەری وەکو بنچینەیەکی سەرەکیی دیموکراسی نابینن، بگرە وەکو رکابەر دەیبینن و رقییان بەرامبەر ھەیە لەسەروو ئەو وڵاتانەشەوە ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ ھەیە و ئەم پەیامنێران بە”دوژمنی گەل” ناودەبات و ئەم دەستەواژەیەش پێشتر جۆزیف ستالین بەکاری ھێناوە، ھەوەروھا ناوی سەرۆکی فیلیپین-یش ھاتووە وەکو دوژمنانی رۆژنامەگەریی لە پاڵ چەندینی دیکە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە توندوتیژیی لەدژی رۆژنامەگەری لە ئەورووپاش زیادی کردووە.

بەپێی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور نەرویج ھێشتا لەسەروو ریزبەندیی باشترین وڵاتە کە رێزی رۆژنامەگەریی تیادا دەگیرێت و ئەمە بۆ ساڵی دووەمە ئەو وڵاتە لەو ریزبەندەدا دەمێنێتەوە، ھەرچی فینلەندایە پلەیەک گەڕاوەتەوە دواوە و ئێستا لە پلەی چوارەمدایە. لە بەرامبەریشدا کۆریای باکوور لە پلەی ١٨٠ ھەمیندایە کە دۆخی رۆژنامەگەریی تیادا لەوپەڕی خراپیدایە.

ھەرچی چین-یشە ئەوا لە ریزبەندی ١٧٦مین دایە، ڤیتنامیش لە پلەی ١٧٥ و تورکمنانستان لە پلەی ١٧٨ و ئازەربێجان پلەی ١٦٣ی ھەیە، عێراقیش ریزبەندی ١٦٠ی ھەیە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رۆژنامەگەری تیایدا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لە وڵاتانی زۆنی رەشدایە.

ھەروەھا سووریا لە پلەی ١٧٧ دایە و یەمەن پلەی ١٦٧ هەیە و میسر ریزبەندی ١٦١ی گرتووە و شانشینی سعوودیە لە پلەی ١٦٩دا هاتووە و بەحرێن-یش لە ریزبەندی ١٦٦دایە و ئەمەش وایکردووە پیشەی رۆژنامەوانیی لەم ناوچەیە تەواو قورس بێت و مەترسیدارین ناوچە بێت بۆ ئازادی رۆژنامەگەری.

بابەتی دواتر

پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە

بە‌ڕێزان بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە سڵاوێكی گەرم.. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *