بۆ ئەوەی چاکسازی ڕاستەقینە شین بێت

عوسمان حەمە کەریم زەڵمی

زیاد لە چواردە سەدەیە قورئانی کەریم وەک کۆتا پەیامی خوای (الرحمن)، بۆ ڕێنوێنی و بەختەوەر کردنی گشت ئادەمیزاد، بەو پەڕی زیندویی و کاریگەریەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. وە ھەمیشە ئەو دەستە ئاوەزدارو بێدارە لە مرۆڤایەتی کە دروست ھەست بە بەرپرسیاری و ئەرکی شەرشانیان کردووە، ئەوانە بوون کە لەڕۆشنایی ئەو نورەوە گوفتارو ڕەفتاری خۆیان ڕێک و پێک ڕێکخستووە و بە جوانی بە ئەرکی خۆیان ھەستاون بەپێی تواناو دەرفەت، تاوەکو توانیویانە براوەیی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و کامەرانی بە کۆمەڵگەیان پێشکەش بکەن، وە حەتمەن بۆ ئێستاو لەمەودواش ئەم پرس و پرۆسەیە ھەر دەبێ تاکو ژیان لەسەر ئەم ھەسارەیە بەردەوام بێت.
جا لە ھەرساتە وەختێک کۆمەڵگا ھاواری بێ بەدەس خراپە و فەسادو گەندەڵیەوە و تەواوی دەسەڵاتداران و دەسڕۆیشتوانی ئەو زەمین و ڕۆژگارە ھاتوو ھاواریان بێت بۆ چارەسەر و چاکسازی. کەچی لە ئەرزی نیشتماندا بە واقعی تەنھا سەراب بێ و ھیچی تر !! ئەوکات ئەرکی ئاقڵ و ژیرەکانە بەدوای ھۆکارەکەیدا بگەڕێن لەناو خودی کۆمەڵگەدا، وە ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە مەزنە تەنھا ئەم نمونە لە پەیامی ھیدایەتی خوایی وەرگرین بەسە: لەم ئایەتە قورئانیەدا: (وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ/ الاسراء: ١٠٥). دووجار وشەی (الحق) ھاتووە، ئایا مەبەست لێی جەختکردنەوە و پێداگرتن و تەئکید کردنەوە بێت، یاخود زیاتر لەوەی ئاماژەی پێدرا تیایەتی ؟!
بێگومان، (الحق) ی یەکەم جیایە لە (الحق) ی دووەم، وە ئەمە ھەرگیز دووبارە کردنەوە نیە. بەڵکو یەکەمیان کە دەفەرمێت: (وبالحق أنزلناە)، یانی بەپێی دانایی و حکمەتی بێ پایانی خوایی قورئانمان دا بەزاندووە لەو سات و وەختەی کەخواستی دابەزین لەترۆپکدا بووە. چونکە خوای (متعال) زانایی و دانایی ڕەھای ھەیە بە زەمینە و زەمەن و ڕۆژگارو سەردەمەکان، ھەروەھا: (وبالحق نزل)، واتە: وە ئەوەی تیایدا ھاتووە لە ئەحکام و ڕێنوێنی، ئەویش حەق و ڕاست و ڕەوایە.
بەنمونە: کاتێک کۆمەڵگەیەک خراپەو فەسادو گەندەڵی تیا بەدی دەکرێت، دەبینین بانگەشە دەکرێت بۆ چاکسازی و ئیسلاح کردنی، دەی ھەستان بەم بانگەواز و بانگەشە کردنە (حەقە)، ئەمە وەکو باوەڕ و بنەماو (المبدأ)، چونکە کۆمەڵگە پێویستیەتی، بەڵام ئایا ئەوەی لەناو بانگەشەو ڕاگەیەنراوەکەدایە حەق و راستە؟! وە ئەو بەرنامەو پلانەی کاری پێ دەکرێ حەق و ڕاست و دروستە؟! ھەروەھا ئەوانەی کەوا پێی ھەڵدەستن لەسەرحەقن و بەڕاستیانەو ڕاست دەکەن و دڵسۆزن؟! بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە دەخوازێ حەق و ڕاست ڕوون بن لە لای ھاونیشتمانی و ڕای گشتی .
کەواتە لەویادا جیاوازی لە نێوان حەقی یەکەم و دووەمدا بەدی دەکرێت بە نیسبەتی کاری مرۆڤەکانەوە، وە ھەرچەندە کاتەکە چاکسازی بخوازێت و بە تەواوی خواستی یەکەمی کۆمەڵگە بێت، بەڵام گەر ھاتوو ئەو نەخشەو بەرنامەو پلانە ڕاست و تۆکمەو تەواو نەبوو، وە ئەو کەسانەش وا پێی ھەڵدەستن شایستەو ئەھلی ئەو ئەرکە مەزنە نەبوون ، وە یاخود بەڕاستیان نەبوو، وەیان دڵسۆزو پەرۆش نەبوون، دە ی بەدڵنیاییەوە قەت چاکسازی لەوان شین نابێت، وە ئەوەی دەیڵێن و دەیکەن تەنھاو تەنھا کات کوشتن و سەرقاڵکردنی ھاوڵاتیانە.

بابەتی دواتر

دەسەڵاتی تەقلیدی كوردی لەنێوان (ئاوابوون مانەوەدا )

سەرەڕای موجامەلەی هێزە دەرەکی و ئیقلیمیەکان….. دەسەڵاتی تەقلیدی كوردی لەنێوان (ئاوابوون مانەوەدا )…. علی حاجی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *