ئایا شەڕى ئايدۆلۆژى ماوە؟!

كاميل مەحمود

من نامەوێ قسە لەسەر ئەوانە بكەم كە لەسەر دكتۆر سەيد ئەحمەد پێنجوێنييان نووسيوە چونكە هەندێكيان دەناسم ئەوەندە بێ بايەخ و دەروون كيناوين شايانى وەڵام و باسكردن نين، بەڵام دەمەوێ حەقيقەتێك بخەمە بەردەستى دكتۆر سەيد ئەحمەد كە ئەركى كەسانى زاناو داناى وەك ئەوە قسەى تيا بكات و لەو نێوەندەدا ڕێنموونى خەڵك بكات بەتايبەتى دەوروبەرە ئيسلامييەكەى خۆى!..
مامۆستا چەندين جار لەبەرنامەكەى ئێوارەى ڕابردووى NRT ئەوەى دووبارە كردەوە كە شەڕى ئايدۆلۆژى لەگەڵ دەكرێت. ئەمەش راستەو بەرامبەرەكانى دكتۆرو رەوتى ئيسلامى خاوەنى ئايدۆلۆژياو دنيابينى خۆيانن، بەڵام ئەى ئەو دەنگە نامۆو سەيرانە چى دەكەن لەناو ئيسلامييەكاندا زۆر گێلانە بەئاوازى ئەوانە هەڵدەپەڕن كە بۆ مايەپووچكردنى خەڵكى موسوڵمان باس لەمەرگى ئايدۆلۆژياو كۆتايى ئايدۆلۆژيا دەكەن لەكاتێكدا ئەوانەى ئەم وانەيەيان فێرى ئەوان كردووە خۆيان نغرۆن لەئايدۆلۆژيادا؟ مەگەر باوەڕدارێكى بێ ئايدۆلۆژياو بێ سەوابيت بەچى شەڕى ئايدۆلۆژياى ئەوانە بكەن كە شەڕى ئايدۆلۆژى هەزاران ئيسلامى و موسوڵمانى وەك دكتۆر سەيد ئەحمەد دەكەن؟..
ئايا دكتۆرو پياوە خاوەن هزرو مەعريفە ئايينى و دنياييەكانى ناو رەوتى ئيسلامى ئەو بەناو رووناكبيرە ئيسلامييانەى دەوروبەريان دوواندووەو لێيان پرسيون موسوڵمانى بێ ئايدۆلۆژيا و دابڕاو لەئايدياو عەقيدەى كۆنكريتى و چەسپاو لەكوێ دين و مەنتيق و عەقڵدا جێى دەبێتەوە لەكاتێكدا ئەوانەى باس لە كۆتايى ئايدۆلۆژيا دەكەن هەناسەكانيشيان بارگاوييە بەئايدۆلۆژيا؟.
تيۆرى كۆتايى ئايدۆلۆژيا و كۆتايى مێژوو هەر تيۆرێكيترى لەم جۆرانەى رۆژئاواييەكان بۆ خۆيان ئايدۆلۆژيايەكى توندڕەوى دەمارگيرن كە ناوەرۆكەكانيان بريتين لەمافى ژيان و مانەوە بۆ خۆيان و مەرگ و لەناوچوون بۆ ئەوانيتر.
بەداخەوە لەماوەى ئەم چەند ساڵەى داهاتوودا قيزەونكردنى ئايدۆلۆژياو كەوتنەژێر كاريگەرى ئايدۆلۆژياى (كۆتايى ئايدۆلۆژيا) لەناو هەندێ لايەنى ئيسلامى و لاى هەندێ ڕووناكبير بوويە دياردەيەكى بەرچاوى چاولێكەرانە، كەدواجار سەرى لەوەوە دەرچوو كە ناكرێت ئەدەب و هەونەرو سياسەت و تەنانەت بانگەوازيش بەئايدۆلۆژيا بكرێت!!، لەكاتێكدا بەرەى نەيارى ئيسلام و موسوڵمانان بەردەوام ئايدۆلۆژيا بۆ لادان و چەواشەكردنى ئەوان و دنيا بەرهەم دەهێنن كە ديارترينيان ئايدۆلۆژياى ئيسلامۆفۆبياى راسترەوە رۆژئاواييەكان و ئينجيلى و پارێزگارە نوێيەكانى ئەمريكاو ئەوروپايە.
چەند ساڵێك پێش ئێستا و لەسەروبەندى هەڵمەتێكى توند لەسەر مامۆستا سەيد ئەحمەد لەگۆڤارێكدا كەئێستا ناوەكەيم ياد نەماوە وتارێكم لەسەر دڵسۆزى و بوێرى و نيشتيمانپەروەرى ئەم پياوە بەڕێزە نووسى بەتايبەت لە سەردەمى بەعسدا، ئەم چەند دێرەم تايبەت كردووە بەو تێبينيانەى سەرەوە نەك بەرگرى لەئەو كە پێويستيشى بەبەرگرى نييە، لەگەڵ ڕێزدا..

كاميل مەحمود

بابەتی دواتر

بۆ ئەوەی چاکسازی ڕاستەقینە شین بێت

عوسمان حەمە کەریم زەڵمی زیاد لە چواردە سەدەیە قورئانی کەریم وەک کۆتا پەیامی خوای (الرحمن)، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *