له‌ وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی وتەبێژی فەرمی یەکێتی، حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌ند زانیارییه‌كی بڵاوده‌كاته‌وه‌

د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دەربارەی لێدوانی لە تیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌. 

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گووتی: “سەبارەت بەو لێدوانانەی  بەڕێز لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەربارەی ئەو تێبینیانەی  لە راگەیاندنەکان خستیە روو، بە پێویستی دەزانین لە بارەی ئەو خاڵانەی باسی کردن، روونکردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە بدەین. بێگومان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی هاوبەش لە حکومەت، دەتوانێت سەرنج و تێبینیەکانی خۆی کە تایبەتن بە بابەتە سیاسییەکان، لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێ بکات ، بەڵام ئەو تێبینیانەی کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان و  پەیوەستن بە حکومەتەوە ، پێمانخوشە روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەوە بدەین”.

دواتر به‌ چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی دایه‌ و به‌ داتا و زانیاریی ره‌وشه‌كه‌ی بۆ میدیاكان و رای گشتی شیكرده‌وه‌.

كارنامە و ئەجێندای کابینەی نۆیەمی حکومەت:

حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەرنامە و ئەجندایەیە کە پێشکەشی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانی کردووە کە ئەجندایەکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتە  ، بۆیە داواش لە  هەموو حیزبەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوە بتوانێت بە بێ جیاوازی  خزمەتی هەموو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بکات.

بەداخەوە مەکتەبی سیاسی هێندێک لە حیزبەکان بە پێچەوانەی دروشمەکانیان،  لە کاتێکدا داوا دەکەن حیزبەکان دەست لە کاروباری حکومەت وەرنەدەن. بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەک فشار لە سەر حکومەت دروست دەکەن و دەستێوەردان لە ئیشوکاری دەکەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشکردنی حکومەت دادەنێن .

دەربارەی پۆستەکان :

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک بێت تا ئێستا تەواوی کاندیدەکانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەکردووە تا حکومەت بەپێی رێککەوتنەکان دایانبمەزرێنێت . هیوادارین یەکێتی نیشتمانی کوردستان بتوانێت تەواوی کاندیدەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەکەوێت .

یاریدەرەکانی سەرۆک وەزیران :

سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران. ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانە و هیچ دەقێکی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەموارکراو یان لە پەیڕەو ی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1) 2006 هەموار کراو ، کە  ڕێگری بکات لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران  یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەکان بە هیچ شێوەیەک بەدیلی وەزیرەکان نین ، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانکاریی بەڕێوەچوونی کارەکان دەکەن ، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک کارێکی نایاسایی نییە و  ، بەپێچەوانەوەی ئەو پروپاگەندانەیە کە  گوایا حکومەتێکی بچووککراو لە ناو حکومەتدا دروست کرابێت .

 ئەنجومەنی نەوت و گاز :

جێگری سەرۆک وەزیران و وزیری دارایی و وزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن.  لە هەموو وردەکارییەکانی برۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن . لەلایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم ، هەردوولا رێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت وگاز ، بەلام  یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بابەتە پاشگەز بووەتەوە.

گرتنی هاووڵاتییان لە سەر بیروڕای سیاسی :

 دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی گرتنی هاووڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەڵک لە سەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیر نەگرێت  ،  لەمبارەیەشەوە حکومەت پابەندە بەوەی کە نابێت کەس لە سەر بیروڕای سیاسی بگیرێت . بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات، بێگومان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و ، ئەندامبوونیشی لە لایەنێکی سیاسی ، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێ نابەخشێت .

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا:

سەبارەت بەوەی گوایە لە کابینەی نۆیەمدا نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا وەک ناوەندێک لە ئاستی وەزارەت دروست کراوە . راستییەکە ئەوەیە کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006  ەوە  دامەزراوە  و ، لەو کاتەوەش سەرۆکەکەی بە پلەی وەزیرە . ئەوەی ئێستاش کراوە تەنیا پرکردنەوەی ئەو پۆستە و ، چالاککرنەوەی ئەو دەزگایەیە . هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکرێت ،  بۆ ئاگاداری هەموو لایەک،  هیچ دەقێکی وا نییە لە ڕێکەوتنەکانی پێکهینانی کابینەی نۆیەم ، کە وەزیرێکی هەرێم هەبێ بو کاروباری بەغدا ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناکانی بەڕێز خالد شوانی ، بەڕێزیانی راسپارد کە وەکو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەکار بێت .

 پشکی لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت:

ئەگەر باسی پشکی لایەنە سیاسییەکانیش بکەین لە پۆستەکانی حکومەت کە سەرجەم داتاکان لە بەر دەستن، ڕێژەی هەندێک لایەن لە پۆستە کارگێرییەکان (بریکاری وەزیر ، راوێژکار ، بەڕێوەبەری گشتی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان .

  لەكۆتاييدا گووتی: “سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بە روحییەتێکی ئیجابی وبنیاتنەرانە و وەک یەک تیم کار دەکەن ، وبریارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە کۆی دەنگ دەردەچن ، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە هاندەر وپاڵپشتی ئەو کەشە ئیجابیە بکەن کە لە کابینەی نۆیەمدا لە ئارادایە”.

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بەسەرپەرشتی ڕابەری گشتی کۆبوەوە

ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بەسەرپەرشتی ڕابەری گشتی کۆبوەوەلە ڕۆژی ١٠/١١/٢٠١٩ – ١٣ی رەبیع الاول ١٤٤١ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *