قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە لە رۆژى جیهانى بەرکەوتووانى چەکى کیمیاییدا پەیامێکیان ئاڕاستەى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم کرد و رایانگەیاند، هێشتا بەدەم ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ کەسوکاری شەهيدان و كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبەیاننامەیەكدا داواكارییەكانیان خستەڕوو.
لەیلا حسێن، برینداری چەكی كیمیایی بەیاننامەی بنەماڵەی شەهیدانی خوێندەوە، کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای هەڵەبجە کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: تێیدا هاتبوو: نیگەرانیەكانی خۆمان دەخەینە ڕوو، لەبەرامبەر پەراوێزخستمان كەمی ئیرادەیەك لەهەمبەر بەدەمەوە هاتمان بۆ ساڕێژكردنی برینەكانمان و ڕزگاركردنمان لەم دۆخە سەختەی ژیانی ڕۆژانەمان.
دەشڵێت: تائێستا برینداران بەدەم ئازارەكانمانەوە دەناڵێنین، بارودۆخی سبەینێمان لە ئەمڕۆ خراپتر و نالەبارترە، پێویستە ئاوڕی جدیمان لێبدەنەوە كەمێك باری سەرشانمان سوك بكەن.
هاوکات کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایانگەیاند: پێویستە بڕە بودجەیەکى تایبەت بۆ چارەسەرکردنى بەرکەوتووان تەرخانبکرێت، چونکە تائیستاش زۆربەى بەرکەوتووان زیاتر لە سێ ساڵە سەردانى دکتۆرەکانیان نەکردووە.
داواشیانکردووە، ئامێرى پزیشکى پێشکەوتوو و پزیشکى پسپۆڕ بۆ نەخۆشخانەى بەرکەوتووانى چەکى کیمیایی بهێنرێت، بۆئەوەى راهێنان بە کارمەندەکان بکرێت بۆ چارەسەرکردنى بریندارەکان.
ئەوەشیان خستەڕوو، پێویستە تیمێکى پسپۆڕ بهێنرێت بۆ پۆلێنکردنى ئەوانەى کە لەدەرەوە و ناوخۆى هەرێم چارەسەریان بۆ دەکرێت.