بۆ تاوتوێكردنی كەموكوڕییەكانی كەرتی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان، شاندنی باڵای تەندروستی عیراق لەگەڵ شاندنی تەندروستی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەشدا شاندی هەرێم داوای هاوكاری تەندروستی زیاتری لە حكومەتی فیدرAاڵ كرد.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبووە، “داوامان لە شاندی تەندروستی عیراق كردووە، زیاتر هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن لە ڕووی تەندروستییەوە، داواشمان لە شاندی میوان كرد، وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بكەن و پێداویستییەكانی تەندروستی ئەو پارێزگایەمان بۆ دابین بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا داوامان لێكردن هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن لەدووبارە دروستكردنەوەی بنكەی تەندروستی ئەو شارۆچكە و شارەدێیانەی بەهۆی تیرۆرستانی داعشەوە خاپوور كراون”.
بە وتەی سامان بەرزنجی، “هەندێك لەبەركەوتووانی چەكی كیمیایی لەهەڵەبجە پێویستیان بە چارەسەر هەیە، بۆیە داوامان لێكردن، كە هاوكاری ئەو نەخۆشانە بكەن و چارەسەریان بۆ بكەن، ئەگەر لە دەرەوەی وڵاتیش بێت”.
لە تەوەرێكی تر كۆبوونەوەكەدا، شاندی هەرێم و عیراق ڕەوشی تەندروستی كەمپی ئاوارەكانیان تاوتوێ كرد، لە بەرامبەردا شاندی تەندروستی عیراق ڕەزامەندییان دەربڕی، تا پێداویستی و پزیشكی تایبەتمەند بۆ ئاوارەی كەمپەكان فەراهەم بكەن.