گۆڕان لەسەر رێککەوتنەکەیان چاوەڕێی دواین وەڵام و بڕیاری یەکێتی دەکات

باسک نێت-سلێمانی

بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لە کۆبوونەوەی داھاتووی سەرکردایەتی ھاوبەشدا دواین بڕیار‌و وەڵام لە یەکێتی وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنەکانی نێوانیان.

بڕیارە سبەینێ یەک شەممە سەرکردایەتی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی لە گردی زەرگەتە لەشاری سلێمانی سەبارەت بە چەند پرسێکی نێوانیان کۆببنەوە و گۆڕانیش ھەوڵ دەدات دواین بڕیارو وەڵامی یەکێتی سەبارەت بە کێشەکانی نێوانیان بەدەست بھێنێت.

لەوبارەیشەوە سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان کە پێی باش نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە:”چیتر گۆڕان دواخستن‌و دەستی دەستی پێکردن قبوڵ ناکات، چونکە جەماوەری گۆڕان نیگەرانن کە ئایا یەکێتی ئەو رێککەوتنەی نێوانمان جێبەجێ دەکات یان نا”.

ھەروەھا ئەو سەرکردەیەی گۆڕان رونیکردەوە کە گۆڕان دەیەوێت بزانێت ئەو کێشەو بەربەستانە چین لای یەکێتی کە ناتوانێت رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات یان ئەو خاڵانە چین کە پێویستە زوو جێبەجێ بکات.

ھەروەھا سەرکردە باڵاکەی گۆڕان وتیشی:”ئێمە چاوەڕێ دەکەین لەو کۆبوونەوەیەدا دوا وەڵامی یەکێتی ببیستین کە بەرچاومان روون بێت ئەوان چی دەکەن‌و چۆن چارەسەری ئەو کێشەو بەربەستانە دەکەن کە بۆ رێککەوتنەکەمان ھاتوونەتە پێشەوە”.

سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی ئەو سەرکردەیەی گۆڕان جەختیکردەوە لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەیان ئەوا ھەموو رێگەو ئەگەرەکانیان لەبەردەمدا کراوەیە.

لەبارەی ئەو ئەگەرانە چی دەبن کە دەیگرنە بەر، سەرکردەکەی گۆڕان ئاشکرای کرد ھەموو ئەو رێککەوتن‌و ھەماھەنگییەکەی لە ھەولێرو سلێمانی‌و بەغداش ھەیانە پێداچوونەوەی پێدا دەکەن‌و ھەڵوێستی جدیان لەسەر دەبێت.

بابەتی دواتر

چوار هەزار و 800 هاوڵاتی هەرێم ناویان بۆ فەریزەی حەج دیاریکرا

لە کۆی 72 هەزار و 202 ناو چوار هەزار و 800 کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *