شەری ئەمرۆی ھێزە عێراقییەکان و داعش

باسک نێت:

ئەمرۆ یەکشەممە ٧ـی ئایاری ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی شوقەکانی ناوچە ھەراماتیان لە بەشی راستی موسڵ دەستپێکردووە و لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەشدا دەیان چەکداری داعش کوژراون.

فەریق رائید شاکر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق رایگەیاند:”ئەمرۆ نۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی یان تەقاندووەتەوە لەگەڵ پێنج ماتۆرسکێلی بۆمبرێژکراوو سێ دۆشکە و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی”.

ڕاشیگەیاند:”ھەر ئەمرۆ ٥٠ بۆمبی چێندراویان پوچەڵکردووەتەوە و بەپشتیوانی تانک و تۆپباران بەرەو شوقەکانی ھەراماتی دووەم پێشرەوی دەکەن و نزیک بوونەتەوە لە ناوچەکانی پردی پێنجەم.

ھاوکات ھێزەعێراقییەکان پێنجشەممەی رابردوو، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی باکوری رۆژئاوای موسڵ دەستپێکرد، لە ناوچە ئەحلیلە بەرەو ھەرامات پێشرەوییان کرد.

چوارشەممەی رابردوو پۆلیسی فیدراڵی ھێزی بردە ناوچەکە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای موسڵ بۆ رزگارکردنی گەرەکەکانی مشێفە و ١٧ی تەموو.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی بەشی راستی موسڵەوە تائێستا بەھۆی بۆردومانی فرۆکەکانەوە ٨٥٩چەکداری داعش کوژراون و ئەمرۆش کوژرانی دوو سەرکردەو ١٩چەکداری ئەو رێکخراوە راگەیەندرا.

فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق رۆژی ٢ی ئەم مانگە بەخەندان-ی راگەیاندبوو، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی موسڵ-ەوە تائێستا ٢٨٤ئۆتۆمبێل و ٢٥٣ماتۆرسکێلی بۆمبرێژکراو لەناوبراون و ٢٧٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە خاک کۆنترۆڵکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەوماوەدا تائێستا ٨٥٩چەکداری داعش کوژراون ٢٦٥ھەزار خەڵکی مەدەنی لەناوچەی شەر گواستراونەتەوەو ٣٠ھەزار دانیشتووی ئەوبەشەی شارەکە بۆ ماڵەکانیان گەراونەتەوە.

١٩ـی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ دەستیپێکرد، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەبەشی راستی موسڵ بەدەستھێناوە.

ھێزە عێراقییەکان حەوتی ئازاری رابردوو، کۆمەڵگەی حکومی و بینای چەندین فەرمانگەی دیکەیان لەبەشی راستی موسڵ کۆنتڕۆڵکردەوە، تائێستا لەسەدا ٧٠ ی بەشی خۆرئاوای موسڵیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە کە دوایین پێگەی داعشە لەشارەکە.

بابەتی دواتر

دژی کەمبونەوەی کارەبا لە پینجوێن خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

دژی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، چەند رۆژێکە کارەبای نیشتیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *