یەکێتی لە بارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

باسک نێت-سلێمانی

یەکێتی، لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی، کە دوور لە چاوی میدیاکان لە شاری ھەولێر بەڕێوەچووە، چەند پرسێکی گرنگ یەکلاکراونەتەوە، بەتایبەتیش کاراکردنەوەی پەرلەمان، بە دەستەی سەرۆکایەتی فەرمی پەرلەمانەوە.

بە گوێرەی ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکە، شاندی باڵای یەکێتی پێکھاتبوو لە ھەریەک لە کۆسرەت رەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە.

شاندی باڵای پارتیش بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بووە و لە شاری ھەولێر دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیەنراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان

لەمیانی ھەوڵە بەردەوامەکانی لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و داکۆکی ھەمەلایەنە بۆ کاریگەری کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چۆنیەتی گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ ١٣/٦/٢٠١٧ لە شاری ھەولێر وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیران بارزانی دوور لە چاوی کامێرا کۆبوونەوەو بیروبۆچوون و بنچینەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان گەڵاڵەکرد، سەرەنجام دوای گفتوگۆیەکی بەرپرسانە لەسەر پرسە سەرەکییەکانی نیشتمانی و کوردایەتی کۆمەڵێک بۆچوونی ھاوبەشی مێژوویی ساغکرانەوە، ھەرە گرنگیان کاراکردنەوەی پەرلەمان و کردنەوەی پەرلەمانیشە بە دەستەی سەرۆکایەتی فەرمی پەرلەمانەوە.

ئێمە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناڵێین مژدەبێ بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو وەک ئەرکی یاسایی و سیاسی و دیموکراسی خۆمان توانیبێتمان لە کۆبوونەوە گشتییەکانی ھێزە سیاسییەکان و کۆبوونەوە تایبەتییەکانی یەکێتی و پارتی و کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان ھەروەھا لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی توانیومانە بڕیار و پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوەیەکی گونجاوی دوور لە ھەڵچوون و داچوون و موزایەدەی سیاسی ئارام ئارام بگەیەنین و بیگەیەنینە ئەنجام.

ئومێدەوارین ئەم ھەنگاوە باشە ھەنگاوی باشتری بەدواوەبێ و ھەموو پێکەوە لەناو ھۆڵی شەرعی پەرلەمان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسادانان دوور لە گۆشەگیری حزبایەتی ئەرکە سیساسی و یاسایی و دیموکراتییەکانمان راپەڕێنین، ھاوکات حکومەتیش یەکبگرێتەوە بە ئومێدی ئەوەی ھەموومان پێکەوە کێشەی تەنگ پێھەڵچنراوی گوزەرانی خەڵک چارەسەر بکەین و زەمینەیەکی رەخساو بۆ ریفراندۆمێکی کۆدەنگی نیشتمانی کە پەرلەمان پەسەندی بکات و بەھەموو لایەک جێبەجێی بکەین.

بە شایەنی گەلەکەمان و ئەرکی خۆمانی دەزانین جەخت بکەینەوە کە رێککەوتن لەسەر وردەکاری ئەم بڕیارە گشتییانە ئەرکی نەتەوەیی و یاسایی و کۆمەڵایەتی ھەموو لایەکمانە، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی سیاسیا تێدەپەڕێ، کە ئەگەر و نیگەرانی سیاسی ئیقلیمی جۆراوجۆری تیایە، بە تایبەتی دوای شەڕی داعش.

بابەتی دواتر

پاشەزەوتی مووچە کە هێشتا بەردەوامە!!

(ڕوونکردنەوەیەک لە ژێر ناونیشانی : پاشەزەوتی مووچە کە هێشتا بەردەوامە ) بۆ ئەو فەرمانبەرانەى چەندساڵە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *