یوسف محەمەد: ئەو پێشنیارەی باسکراوە مژدەبەخشینەوەی نەدەویست

باسک نێت-سلێمانی

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پێشنیاری یەکێتی و پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی رایگەیاند، ئەوەی باسکراوە مژدەبەخشینەوەی نەدەویست و بنەمای کێشەکە سەرۆکایەتی ھەرێمە.

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەوەشی خستەڕوو”ئەوەی باسکراوە ئەم ھەڵاو مژدە بەخشینەوەی نەدەویست، دەبێت بپرسین چی دەکرێت سەبارەت بە دۆخی ئابوری خەڵک و پرسی یاسای سەرۆکایەتی کە ئەسڵی کێشەکەیە دەتوانرێن چی بکرێت بۆ ئەوە ئەمانە باس نەکراوە”.

بەیانی ئەمڕۆ سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی پەرلەمان بۆ دانیشتنێک بە دەستەی سەرۆکایەتی ئێستایەوە کارادەکرێتەوەو دواتر دەستەکە دەگۆڕدرێن.

کۆمەڵ و گۆڕان ئەو پێشنیارەی یەکێتی و پارتییان رەتکردەوەو جەختیان لەمانەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان کردەوە.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەعیدی پیرە لە ھەولێر وتیشی، یەکێتی بۆ چارەسەرەی کێشە یاساییەکان ھەوڵ دەدات بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان، “ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان و یاسایە، ریفراندۆمێک بە یاسا زۆر بەھێزترە لە ریفراندۆم بە بڕیاری ئیداری”.

راشیگەیاند، ھەوڵ دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم.

١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٤ بەبڕیارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رێگری لە چونەوە یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ گەڕانەوەی بۆ شاری ھەولێر لەوکاتەشەوە پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەتەوە، ھەمان رۆژیش رێگری لە چوونەوەی وەزیرەکانی گۆڕان کرا بۆ سەرکارەکانیان.

بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکی پەرلەمان و چوار وەزیرو سەرۆکی دەستەیەک بەشداری کردووە.

لەماوەی زیاتر لەدوو ساڵی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان، چەندین ھەوڵی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دراوە، بەڵام ھەوڵەکان شکستیھێناوە.

بابەتی دواتر

چوار هەزار و 800 هاوڵاتی هەرێم ناویان بۆ فەریزەی حەج دیاریکرا

لە کۆی 72 هەزار و 202 ناو چوار هەزار و 800 کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *