عەبادی: ھێزەکانمان لەقۆناغی کۆتایی ھێنان بە داعشدان

باسک نێت:

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھێزەکانیان لە قۆناغی کۆتایی بنەبڕکردنی داعشدان لەرووی سەربازییەوە لە عێراق و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی ھەوڵدەدات سەقامگیری لەقۆناغی دوای داعش بەدیبھێنێت.

عەبادی کە ئەمڕۆ گەیشتە تاران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئیسحاق جیھانگیری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند:”ھێزەکانمان ھەڵدەستن بە رزگارکردنی خاک و مرۆڤ، ئێمە لە قۆناغی کۆتایی بنەبڕکردنی داعشداین لەرووی سەربازییەوە لەعێراق”.

جەختیشیکردەوە، لەھەوڵدان بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بگەڕێننەوە ناوچە ئازادکراوەکان لەدوای قۆناغی داعش و کار لەسەر بوژاندنەوەی ئابوری بکەن.

عەبادی ئیدانەی ھێرشەکانی تارانی کردو وتی کە تیرۆر تەنھا وڵاتێکی دیاریکراو بە ئامانج ناگرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە ھاریکاری لەگەڵ تاران باشتر دەکەن.

سەردانەکەی حەیدەر عەبادی بۆ ئێران لە میانی گەشتێکیدایە بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت وڵاتانی کەنداو کە دوێنێ دووشەممە بە سەردانیکردنی عەرەبستانی سعودیە دەستیپێکرد، ھەروەک بڕیارە دوای سعودیە و ئێران، عەبادی سەردانی کوەیت بکات.

بڕیاربوو سەردانەکەی حەیدەر عەبادی بۆ سعودیە ھەفتەی رابردوو ئەنجامبدرایە، بەڵام بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند عەبادی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ریاز دواخستووە، بەئامانجی خۆ دوورگرتن لەو ناکۆکییەی لەنێوان ئەو وڵاتەو قەتەردا سەریھەڵداوە.

ماوەی چەند ھەفتەیەکە سعودیەو ھاوپەیمانەکانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا لەبوارەکانی ئابوری و دیپلۆماتیدا ھەڵپەساردووە، تۆمەتباریان کردووە بە پشتیوانیکردنی دارایی بە “گروپە تیرۆرستییەکان”، ئەو تۆمەتەش لەلایەن دەوحەوە رەتکراوەتەوە.

بابەتی دواتر

دژی کەمبونەوەی کارەبا لە پینجوێن خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

دژی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، چەند رۆژێکە کارەبای نیشتیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *