ئەندامێکی شاندی باڵای ھەرێم: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و پۆڵەندا و ئیتاڵیاش پشتیوانیی ڕیفراندۆم دەکەن

باسک نێت:

نوێنەری پێکھاتەی تورکمان لە نێو شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد کە نوێنەرانی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، پۆڵەندا و ئیتاڵیا)، پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.

محەمەد سەعدەدین، نوێنەری تورکمانەکان لە شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان کە بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بە ماڵپەری باس نیوزی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە:”ئەوە بۆ یەکەمجارە شاندی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی دەرەوەی وڵات بکات و لەو ئاستە و بەو شێوازە پێشوازی لێ بکرێت، لەکاتێکدا ئەو پێشوازییە لە دەرەوەی پێشبینیی ئێمە بوو، چونکە ئێمە لە پرسی ڕیفراندۆم وامانزانی کە پێمان دەڵێن (لێتان تێدەگەین یان با گفتوگۆ بکەین)، بەڵام کۆبوونەوەکان زۆر ئیجابی بوون، ئەوان نەک ئەوەی بە ئیجابی قسەکانمان وەربگرن، بەڵکو ئامادەییان نیشان دا بۆ ئەوەی نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، دواتر لە ھەموو کۆبوونەوەکان ئامادەییان نیشان داوە کە پشتیوانیی تەواوی گەلی کوردستان بکەن لەم پرسەدا و پشتیوانیشیان لە مافی پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان کردووە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، ناردنی نێردراوی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی ڕیفراندۆم، ھاتنی یەکێتییەکەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ نێو پرۆسەی ڕیفراندۆم. گوتیشی: ”چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەو شێوەیە بێنە پێشەوە، بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان گوت کە ئەنجامەکە ھەر جۆرێک بێت، ڕێز لە بڕیاری گەلی کوردستان دەگرن، جیا لەوەی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران و ھەرێمەکاندا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ھاتنە کوردستان و چاودێریکردنی پرۆسەکە”.

محەمەد سەعدەدین باسیشی لەوە کرد کە سەردانی شاندەکە بۆ برۆکسل بووە کە بە (پایتەختی یەکێتیی ئەورووپا) دادەنرێت و نوێنەرایەتیی سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا دەکات، ئێمە لەجیاتی ھەموو ئەورووپا سەردانی برۆکسلمان کرد، چونکە دەسەڵاتی بڕیاردان و ئەندامانی بڕیار لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسلە، لە کۆبوونەوەکان بارزانی بە ڕاشکاوانە پێی گوتن کە ئێمە ھەر بڕیاری خۆمان دەدەین، بۆیە گرنگە بۆچوونی ئێوە بزانین کە ھیوادارین ڕێز لەو ئیرادەیە بگرن، چونکە خۆشیان بەو قۆناغەدا تێپەڕ بوون“.

باسیشی لەوە کرد کە دوای بڕۆکسل، شاندێکی دیکە دەچێتە (ئەمریکا، تورکیا، عێراق، وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی دراوسێ چاوەڕوان دەکەین لەوێش ھەمان ھەڵوێستیان ھەبێت.

گوتیشی: “لە کۆوبونەوەکان شاندی ھەرێم وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ کرا و بارزانیش وەک ئەتەکێتی سەرۆک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ کرا، لەگەڵ فراکسیۆنی دەسەڵاتیش کۆبوونەوەمان کردووە کە بڕیاری گرنگیان بەدەستە، ئەوان زۆرتر پشتیوانیی ڕیفراندۆم بوون“.

لە کۆتاییشدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە شاندەکە لەگەڵ نوێنەرایەتیی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، پۆڵەندا و ئیتاڵیا) چاوپێکەوتنی کردووە، ”ئەوانیش پشتیوانیی بەھێزیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند“.

بابەتی دواتر

چوار هەزار و 800 هاوڵاتی هەرێم ناویان بۆ فەریزەی حەج دیاریکرا

لە کۆی 72 هەزار و 202 ناو چوار هەزار و 800 کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *