شاندەکەی بەغدا چەند پێشنیازێکی نوێی داوەتە کوردستان

باسک نێت-ھەولێر

رۆژی چوارشەممە شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی دوو کاتژمێر سەردانی ھەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ئەنجوومەنی وەزیراندا کۆبووەوە. شاندەکە لەسەر داوای عەبادی پەیامی تازەی بەغدایان بۆ ھەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەری کێشەکان ھێنابوو.

سەفین موحسین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەغدا داوای ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی کردووە لە ھەولێر.

سەفین دزەیی وتیشی “شاندەکە ھەندێک پرۆپۆزەڵ و پێشنیازی ھەبوو کە ھەردوولا تاوتوێی دەکەن، ئێمە ئەو ھەنگاوە بە باش دەزانین بەتایبەت بۆ چارەسەری کێشە ھەنووکەییەکان”.

حکومەتی عێراق لەڕێگەی شاندەکەیەوە داوای ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵ، ھەروەھا ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ئاسایشی شارەکە.

شاندەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتیی عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوت، لە وەزیرەکانی کارەبا، کشتوکاڵ و پەروەردە پێکھاتبوون. ئەوەی لەگەڵ ھەولێر باسیان کردووە لەگەڵ خۆیان بردیانەوە بەغدا و دەیخەنە بەردەست سەرۆکوەزیرانی عێراق.

شاندەکەی حکومەتی عێراق بۆ چەند کاژێرێک لە ھەولێر مانەوە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و وەزیرە ھاوتاکانیان کۆبوونەوە. یەکەم شاندی فەرمی عێراقە دوای بڕیاری گشتپرسی باشووری کوردستان دێنە ھەولێر.

پێشنیازی تازەی حکومەتی عێراق لەبارەی نەوت و وزە لەکاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان دەیەوێ لە کۆتایی ئەمساڵدا ھەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیھان بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزبکاتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ھەردوولا گفتوگۆیان بەردەوام دەبێ بۆ پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ رێکخستنەوەی ھەماھەنگیی نێوان بەغدا و ھەولێر بە تایبەت لە بواری نەوت و کارەبادا.

بابەتی دواتر

چوار هەزار و 800 هاوڵاتی هەرێم ناویان بۆ فەریزەی حەج دیاریکرا

لە کۆی 72 هەزار و 202 ناو چوار هەزار و 800 کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *