باسک نێت:
وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، ئەمڕۆ یاداشتێکی لێکتێگەشتنیان لەنێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی بەرگری -سەربازی واۆژکرد.
یاداشتەکە، کە ئەمڕۆ لەنێوان عەمید حسێن دێھقان وەزیری بەرگری ئێران و لیوا عیرفان حەیالی ھاوتا عێراقییەکەیدا واژۆکرا، فراوانکردنی ھاریکاری بەرگری سەربازی لەبوارە جۆراوجۆرەکانی نێوان عێراق و ئێران لەخۆدەگرێت.
ھەروەھا ھەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر، گەشەپێدانی ھاریکاری نێوانیان و ئاڵوگۆڕی ئەزمونەکانیان لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو توندڕەوی، لەگەڵ ئاسایشی سنورو پشتیوانی لۆجیستی و تەکنیکی و سەربازی.
لەکۆتایی واژۆکردنی یاداشتەکەدا، وەزیرانی بەرگری عێراق و ئێران جەختیان کردەوە لەسەر، قوڵکردنەوەی ھاریکاری بەرگری و گەشەپێدانی لەنێوان ھەردوو وڵات.
دێھقان ڕایگەیاندووە “ئێران ھاوشێوەی ئاسایشی خۆی لە عێراق دەڕوانێت و بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی حکومەت و گەلی عێراق لە ھەوڵەکانیاندا بۆ دامەزراندنی ئاشتی و ئاسایش”.
وەزیری بەرگری ئێران جەختیشیکردووەتەوە، سازشی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ “ریشەکێشکردنی تیرۆریزم”. ھەروەھا رزگارکردنی موسڵی بە “دەستکەوتێکی نیشتیمانی مەزن” وەسفکردووە.
لەلای خۆیەوە حەیالی ستایشی رۆڵی ئێرانی کردووە لە “شەڕی دژی تیررۆریزمدا” و ئاماژەیکردووە بە گرنگی فراوانکردنی ھاوکاری سەربازی نێوان ھەردولا.