پارتی:عەبادی تووشی غروری سیاسی بووە
یەكێتی: عەبادی‌ ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ‌ حكومەتی‌ هەرێم بكات

 

بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایدەگەیەنێت، عەبادی‌ دەیەوێت كاتەكە بكوژێت تا كاتی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق نەیەتە پای گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

هەفتەنامەی ئاوێنە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردەوە، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگەیاندووە، حەیدەر عەبادی‌ بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە توشی جۆرێك لە “غروری سیاسی” بووە لەبەرانبەر هەرێمدا.

وتیشی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە، كە بڕیارە لەئایاری‌ ساڵی‌ داهاتوودا ئەنجام بدرێت‌‌و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لەنێویشیاندا عەبادی كار بۆ ئەوە دەكەن لەسەر حسابی هەرێمی كوردستان دەنگەكانیان زیاتر بكەن.

بەقسەی ناوبراو، ئەگەر هۆكاری ئەم عینادییەی عەبادی بریتی بێت لەوەی، كە حساباتی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكات، رەنگە بیەوێت كاتەكە بكوژێت تا هەڵبژاردنەكان نەیەتە پای گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

لای خۆشییەوە، ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، رایگەیاند، عەبادی‌ بەهۆی‌ ئەو پشتیوانییە هەرێمی‌‌و نێودەوڵەتییەوە لەدژی‌ ریفراندۆم بەدەستی‌ هێنا بەتایبەتی پشتیوانی ئەمەریكا، بەهۆی‌ دۆخی‌ ئابووری‌ سەختی‌ كوردستان‌و هەلومەرجی‌ پڕ لەململانێی‌ سیاسی‌ ناوخۆی‌ هەرێمەوە كار لەسەر چۆكپێدانی‌ كوردستان دەكات.

وتیشی، سەڕەرای‌ هەوڵەكانی‌ ناوخۆو گوشاری‌ دەرەكیش بۆ ئەنجامدانی‌ گفتوگۆ، بەڵام هێشتا عەبادی‌ ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكات.

بابەتی دواتر

نرخی دراوەكان لە بازاڕەكانی هەرێم

ئەمڕۆ هەینی (24ی كانوونی دووەمی 2020) نرخی دراوەكان لە بازاڕەكانی هەرێم بەم شێوەیەیە:100 دۆلار بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *