پرۆژەیەکی مەیدانی بۆ یەکخستنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەکوردستان و دەربازکردنی شەقام لەتوندوتیژی

باسک نێت:

بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
بەداخەوە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستاندا لەبەردەم کۆمەڵێک قەیرانی گەورەو مەترسیداردایە کە خەریکە کۆمەڵگەکەمان بەرەو فەوزاو ئاژاوەیەکی ترسناک دەبات، کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای چوارساڵ لە خوڵقاندنی بارودۆخێکی نائارامی سیاسی و ئابووری و دەروونی بۆ جەماوەر و بەدەمەوەنەھاتنی خواستی خەڵک، ئامادە نەبوو ھیچ گۆڕانکارییەک لەخۆی و ئەدای کاریدا بەدی بێنێت و ھەموو پرۆژە و پێشنیاری دۆستان و ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیشی بەھەند نەگرت بۆ چاکسازی و باشککردنی ژیانی خەڵک.
ئێمە ھەر لەسەرەتای پێکھێنانی کابینەی ھەشت و دەنگدان لەسەری لەپەرلەمانی کوردستان دەستمان بۆ بەرز نەکردەوەو متمانەمان پێ نەبەخشی و ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆمان ڕاگەیاند، تاکە پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی خوا لێی خۆشبێت دکتۆر شوان قەڵادزەیی بەئەندازەی فراکسیۆنێکی گەورە ھەڵوێست و پرۆژەو قسەی ھەبوو بۆ چاکسازی و خاوەنی گوتارێکی بەھێزی ڕەخنگرانەبوو بەرامبەر بەدەسەڵات و ھێزە بەھەژموونەکانی ناو حکومەت، ئێستاش کە دوو ھێزی سەرەکی ناو کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کشاونەتەوەو بوونە ئۆپۆزسیۆن پێویستە ئەم گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و جەماوەریانە کاریگەری ھەبێت و لەئاستی ئەم ھەلومەرجە ھەستیارەی ناوخۆی ھەرێمدابێت، نابێت دەنگی ئۆپۆزسیۆن تەنھا میدیایی و دووربەدوور لەخەڵک بێت و دەبێت مەیدانیانە دەستبەکاربن بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخانی ئیجابی لەکوردستاندا بەشێوەیەکی ئاشتیانەو دوور لەفەوزاو توندوتیژی و حاڵەتە نەخوازراوەکانی ئەم ڕۆژانە، بۆ ئەم مەبەستە بزووتنەوەی ئیسلامی وەک ھێزێکی سیاسی ئۆپۆزیۆن داوا لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیتری کوردستان دەکات پێکەوە چالاکی و کارو کارنامەی خۆیان بەم شێوەیە ڕێک بخەن:
یەکەم: پێکھێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ھاوبەشی خاوەن کارنامەو ئامانجی دیارو ڕوون کەسەرچاوەی لەخواستەکانی خەڵک و داواکارییەکانی شەقامی کوردستانەوە گرتبێت.
دووەم: ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەشێوەیەکی مەیدانی بێتە ناو خەڵک و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکانیان بکات بۆ ئەوەی فەوزاو بێ ئەزموونی بەلاڕێدا نەیبات و لەحاڵەت و دیاردەکانی توندوتیژی و سوتاندنی بارەگاو دام و دەزگا فەرمییەکان دەربازی بکات.
سێیەم: لەھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستانداو بەھەماھەنگی لەگەڵ دام و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش شوێنی تایبەت بۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندان و ئەدای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دیاری بکرێن.
چوارەم: لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان ئاراستە بکەن بەشداربن و لیژنە ھاوبەشەکانی بەڕێوەبردنی چالاکی و گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکان پێک بھێنن و لەدوورەوەو لەڕێگای لێدوانی رۆژنامەوانی و میدیاکانیانەوە بێلایەنانە مامەڵە نەکەن و تەنھا پشتیوانی ڕابگەیەنن.
پێنجەم: تائێستا خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و بتوێن و پشدەری تێنەپەڕاندووەو پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک بەھەرھۆیەکەوە بێت بێ دەنگن کە ئاشکرایە قەیران و نەھامەتییەکان گشتین و بەرۆکی ھەموو خەڵکی کوردستانی گرتووەو ئەم حکومەتە لێی بەرپرسیارە، بۆیە (بەرەی ئۆپۆزسیۆن)ی پێکھاتوو لەو حزب و لایەن و ڕەوتانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی ئەم حکومەتە دادەنێن بەفەرمی و بە ھاوبەشی داوای مۆڵەت بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێرو دھۆک و شارو شارۆچکەکانیان کە شوێنی تایبەتیان بۆ دیاری بکات و رێوشوێنی ئەمنی بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خەڵک و شوێنەکان، پێشتر ھیچ لایەنێکی سیاسی ئەم داوایەی نەکردووەو دەسەڵاتیش لەو دوو پارێزگایە ئەمەی بەھەل زانیوە کەڕێگا بەھیچ گردبوونەوەو چالاکییەکی جەماوەری نەدات.
شکۆداربێت خەباتی جەماوری خەڵکی کوردستان لەپێناوی چاکسازی و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دادپەروەر

بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان
٢٠١٧/١٢/٢١

بابەتی دواتر

چوار هەزار و 800 هاوڵاتی هەرێم ناویان بۆ فەریزەی حەج دیاریکرا

لە کۆی 72 هەزار و 202 ناو چوار هەزار و 800 کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *