سەرۆكی پەرلەمان دەستی لەكار كێشایەوە

د. یوسف محەممەد لە رێوڕەسمێكدا لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.

یوسف محەممەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وێڕای ئەوەی باسی كارەكانی لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی پەرلەماندا كرد، باسی رەوشی هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند، لای هەمووان ئاشكرایە ئێستا كوردستان لە دۆخێكی سەختدایە، خەڵكی ژیانێكی سەخت و پڕ لە ناخۆشی دەژین، ئەركی دەسەڵاتی سیاسییە ژیانێكی باش دابین بكات، نەك خۆی ببێتە سەرچاوەی سەختكردنی ژیانی خەڵك.

وتیشی، ئامانجی ئێمە لە یەكەم رۆژی وەرگرتنی شەرەفی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە تاوەكو ئەمڕۆ ئەوەبوو كە چۆن وا بكەین دەسەڵات لە خەڵكەوە بێت و بۆ خەڵك بێت، ئەمڕۆ كە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەمان دەدەین لە پێناو هەمان ئامانجدایە، پەیمانیش دەدەین لە داهاتوودا لەسەر هەمان ئامانج و رێگا بەردەوام بین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێمە ئەمڕۆ بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەمان دەدەین، بەڵێندەدەین لەگەڵ هاوڕێیەكانمان لە خەباتی پەرلەمانی بەردەوامبین لەڕێگەی بوون بە ئۆپۆزیسیۆن، هەروەك چۆن پێشتریش بڕوامان وابووە كە ئۆپۆزیسیۆن بڕبڕەی پشتی هەموو پەرلەمانێكی شەرعی و سەركەوتوو و سیستەمێكی دیموكراسی راستەقینەیە، ئێستاش ئەو باوەڕەمان نەگۆڕاوە.

بەپێی ماددەی 16 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان بە نامەیەك دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی پەرلەمان دەكات، لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، لە كۆبوونەوەی دواتری پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران (50+1) كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

بابەتی دواتر

فەرمی.. کات و شوێنی کلاسیکۆی ئیسپانیا دیاریی کرا

کلاسیکۆی بەرشەلۆنەو ریاڵ مەدرید لە 18ی مانگی 12 لەکاتژمێر 10ی شەو ئەنجام دەدرێت. رابیتەى خولی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *