وتەبێژی حكومەت: گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی موچە دەكرێت

باسك نێت

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەندێك لایەنی سیاسی‌و هەندێك كاندید ئیستغلالی ئەو خۆپیشاندانانەیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ.

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، ڕا دەربڕین بۆ هەر مەبەستێك بەشێوازێكی ئارام مافێكی ڕەوایەو حكومەتی هەرێم‌و لایەنە سیاسیەكان بڕوایان بەو پڕۆسەیە هەیە‌و مافێكی بنەڕەتی هەركەسەو بەیاسا ڕێكخراوە، ئەو خۆپیشاندانانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدرا بەهیچ شێوەیەك مۆڵەت پێدراو نەبوو.

وتیشی، ڕاستە گروپێك لەخەڵكی داوای مافی ڕەوای خۆیان دەكردو كارمەندانی ئاسایش بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لەخەڵك‌و لایەنی سیاسی‌و كاندیدی لایەنە سیاسیەكان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە كە خۆیان پیشان بدەن، بۆ مەرامی سیاسی.

ئاشكراشیكرد، بەداخەوە هەندێك گرژی دروست بوو هەرچەندە هیچ پاساوێك نیە بۆ توندوتیژی، بەڵام لە ئەنجامدا هێزەكانی ئاسایشیش مرۆڤن‌و كوڕی ئەم وڵاتەن، واجبیان ئەوەیە ئاسایشیان بپارێزن، ئەوانەی داوای مافی ڕەوای خۆیان كرد ڕێزیان لێگیرا بەڵام ئەوانەی كە بۆ مەرامی سیاسی بەكاریان هێناو ئەو ئاژاوەیەیان دروست كرد بەڕاستی قابیلی قبوڵ نیە، هەندێك حاڵەت هەیە كە ئێستا بەدواداچونی بۆ دەكرێت كە توندوتیژی ئەنجام درابێت چ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە یاخود لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.

سەبارەت بە بەشداری لایەنە سیاسییەكان، دزەیی رایگەیاند، ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە یا پاشەكەوت هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، هی سێ چوار ساڵ لەمەوپێشە، خێرە ئەمڕۆ هۆشیاربونەتەوە؟! ئەو هێزە سیاسیانە تادوێنێ پێیەكیان لەناو حكومەت بوو ئەمڕۆ خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن پیشان دەدەن‌و خۆیان بێ بەری دەكەن لەوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوانیش دەبێت بەڕێژەی خۆیان تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتیە بكەن، لەبەرئەوە جێی داخە ئیستغلالی داوای ڕەوای خەڵك دەكەن بۆ دەسكەوتی سیاسی‌و بەدەستهێنانی دەنگ كە ئێستا بەرەو هەڵبژاردنەكان دەچنە ناو ئەو خۆپیشاندانانەوە، ئەوەش لەڕوانگەی هەست نەكردن بەبەرپرسیارێتی ئەوە دەكەن لەبری ئەوەی كە ڕەچاوی دۆخی سیاسی بكەن‌و خۆپیشاندەران ئارام بكەنەوە.

وتەبێژی حكومەت رونیشیكردەوە، خۆ بینرا لە(٢٠١١)ئەو كاتەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان لەوپەڕی گەشەدا بوو، بەڵام خۆپیشاندان كراو كۆمەڵێك خەڵك ئیستغلالیان كردو مناڵی خەڵكیان بەكوشتدا، ڕاستە ئێستا قەیرانی دارایی هەیە، بەغداد بودجەی بڕیووە، شەڕی داعش‌و ئاوارە هەبووە نرخی نەوت دابەزیبوو، ئەوانە هۆكارن، بەڵام پاساو نییە كەحكومەت وەڵامی داوای ڕەوای خەڵك نەداتەوە بێگومان دوو ڕۆژە بەردەوام كۆبونەوە دەكرێت‌و ئەمرۆش بەردەوامەو پێداچونەوەی جدی بەپاشەكەوتی موچەدا دەكرێت، ناڵێم نامێنێ، بەڵام بەڕێژەیەكی بەرچاو لەكۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئیتر ڕێژەكە چۆنەو چەندە ئەوە ئەنجومەنی وەزیران بەگفتۆگۆكردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بڕیاری لەسەردەدات لەكۆبونەوەی داهاتوودا.

ب.هـ

بابەتی دواتر

كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە ئاگاداردەكرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە كەسوكاری شەهیدان لە بارەی دابەشكردنی مووچەوە ئاگادار دەكاتەوە. بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *