دەسەڵاتدارانی ئوردن سزای لەسێدارەدانیان بەسەر ١٥ کەسدا جێبەجێکرد

محەمەد موئمینی وتەبێژی حکومەتی ئوردن، ئەمڕۆ ٤ ئازاری ٢٠١٧ ئاشکرایکرد، ١٥ تاوانبار کە ١٠ کەسیان تاوانبارکراون بە ئەنجامدانی کاری “تیرۆریستی” سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

 وتەبێژی حکومەتی ئوردن ئاماژەی بەوەکرد، لەناو ئەو ١٠ کەسەی کە لە سێدارەدراون، ئەنجامدەری هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی تێدا بووە، کە کرایە سەر دەزگای هەواڵگری گشتی ئوردن و بەهۆیەوە پێنج ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانی وتەبێژی حکومەتی ئوردن هاتووە “پێنج کەس لەوانەی کە لەسێدارە دراون تاوانی کوشتنیان دراوەتە پاڵ و پەیوەندییان هەیە بە شانە تیرۆریستییەکەی شاری ئیربدەوە”.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دادوەری ئوردن ئاشکرایکرد، لەناو ئەو ١٥ کەسەی ئەمرۆ لە سێدارەدراون، بکوژی ناهز حەتەر نوسەری دیاری ئوردنیان تێدابووە،  کە لە ساڵی ڕابردوودا لەبەردەم دادگای ئەو وڵاتەدا کوژرا، حەتەر تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلامی درابووە پاڵ بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کاریکاتێری، کە وا خوێندنەوەی بۆ کرابوو سوکایەتیکردنە بە ئایینی ئیسلام.

سەرچاوە دادوەرییەکەی ئوردن ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە، ئەو چەکدارەی تێدا بووە، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تەقەی لە ژمارەیەک گەشتیاری بیانی کرد لە سەر شانۆی ڕۆمانی لە ناوەڕاستی عەممانی پایەتی ئوردن و بەهۆیەوە گەشتیارێکی بەریتانی کوژرا و ٥ گەشتیاری دیکەش بریندار بوون.

وتەبێژی حکومەتی ئوردن لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ٥ کەسی دیکە لەوانەی لە سێدارەدراون تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوانی سێکسی دڕندانە لەسەر کەسانی مەحرەم و نزیکەکانی خۆیان.

دوای ئەوەی حکومەتی ئوردن لە ساڵی ٢٠٠٦وە کارکردنی بە سزای لەسێدارەدانی ڕاگرت، لە ساڵی ٢٠١٤دا دووبارە کارکردنی بە یاساکە گێرایەوە.

بابەتی دواتر

ئەنقەرە..کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ پارت و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان کۆتایی هات

کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ پارت و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان کۆتایی هات کاتژمێر8ی ئەمشەو۱٥/۱۲/۲۰۱۹ لە ئەنقەرەی پیتەختی تورکیا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *