فراكسیۆنی یەكگرتوو لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی لەموچە، چەند راستیەك بۆ رایی گشتی دەخاتەڕوو

باسك نێت

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرۆژەی یاسای چاكسازی لە موچە و دەرماڵە ڕایدەگەیەنێت: وەك هەوڵەكانی پێشومان ئێمە لە فراكسیونی یەكگرتوو جارێكی داوا دەكەین لەم هەفتەیەدا كوبونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و ئەگەر نا ئێمە لە روی یاسایەوە دەستەی سەروكاتی پەرلەمان بەرپرسی یەكەم دەزانین لە دواكەوتنێ كوبونەوەی پەرلەمان و پەسەندنەكردنی یاسای چاكسازی.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان :

(بەناوی خودای بەخشەندە و مێھرەبان)
جەماوەری كوردستان..
ھاولاتیانی خوشەویست..
وەك ئاشكرایە بۆ ھەموو لایەك زیاتر لە سێ مانگە باسی پروژە یاسای چاكسازی دەكرێت و دوای دەرچوونی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە مانگ نیوەكە لە لایەن دەستەی سەروكاتی پەرلەمانی كوردستان رەتكراوتەوە.
ئێمە لە فراكسیونی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان لەم بارەوە چەند راستیەك بۆ رایی گشتی دەخەینەڕو:
یەكەم:- لە یەكەم روژی دەرچوونی ئەم یاسایە و لێكەوتنەوەی نارەزایەتی لە لایەن ھاولاتیان” داوامان كرد لە سەروكایەتی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ئەو مادە و بڕگانە بگەرێندرێتەوە پەرلەمان كە ھاولاتیان لێی ناڕازین بە تایبەت برگەی دوو لە ماددەی (3) یاساكە” لەھەمان كاتیشدا داوامان كرد دەنگدانی پەرلەمانتاران لە سەر ھەمان بڕگە بۆ رایی گشتی بخەنەڕوو كە تایبەتە بە مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان، بەلام بەداخەوە ئەمەش نەكرا وئیستاش دوبارە داوا دەكەین ئەم ڤیدیویە بخرێتە ڕوو، بە تەحداوە دەڵێین ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو یەك پەرلەمانتارمان دەنگی بەم برگەیە نەداوە و بەهەموو هێزێكمان دژیشی وەستاینەوە.
دووەم :- لە بەرواری٢٢/٢/٢٠١٨ بەفەرمی و بەشێوازی یاسایی داوامان كرد یاسایی خانەنشینی یەكگرتووی عراق لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، و لە ھەردوو كوبونەوەی دەستەی سەروكاتی پەرلەمان لە گەل سەروك فراكسیونەكان جەختمان لەسەر ئەوەكردەوە كە یاسایی خانەنشینی عراقی بۆ پلە تایبەتەكان لە ھەرێم جێبەجێبكرێت.
سێهەم :- لە بەرواری ٢٥/٣/٢٠١٨ بە دەسپێشخەری فراكسیونی یەكگرتوو و بە پێشتیوانی ئەندامانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بە واژووی ٢٩ پەرلەمانتار داوامان لە سەروكاتی پەرلەمانی كوردستان كرد، كوبونەوەی نائاسایی ئەنجام بدرێت بۆ ھەمواركردنەوە و دەرچواندنی یاسای چاكسازی و لە ھەموو كوبونەوەكانیش داوامان كردوە و پێداگریمان كردووە ھەرچی زوە كوبونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
چوارەم :- ھاولاتیانی ھەرێمی كوردستان دلنیا دەكەینەوە كە ئەو لایەنانەی بن دیواریان ھەیە نایانەوێت ئەم یاسایە پەسەندبكرێت و خەلكی كوردستان ھەمو دەزانیت كێن ئەوانەی مووچەخوری بن دیواریان ھەیە، سوپاس بۆ خوا و بە تەحداوە دەلێین یەكگرتوو یەك بن دیواریشی نیە.
پێنجەم :- ئێمە لە فراكسیونی یەكگرتوو جارێكی داوا دەكەین لەم هەفتەیەدا كوبونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و ماددەی سێ لە یاسای خانەنشینی عێراق چارەسەربكرێت.
ئەگەر نا ئێمە لە روی یاسایەوە دەستەی سەروكاتی پەرلەمان بەرپرسی یەكەم دەزانین لە دواكەوتنێ كوبونەوەی پەرلەمان و پەسەندنەكردنی یاسای چاكسازی ، لە كوتایدا دەلێین پێویستە ھاولاتیان لە رۆژی دەنگدان ئەو لایەنانە سزا بدەن كە نایانەوێت پروسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان سەر بگریت.
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
لە پەرلەمانی كوردستان
١٩/٤/٢٠١٨

ب.هـ

بابەتی دواتر

نرخی دراوەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ سێ شەممە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان نرخی دراوه‌ جیهانیه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ 100 دۆلاری ئەمریکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *