سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: كۆمسیۆن بۆی نیە دەستكاری ناوی ئەو كەسانە بكات كەناوەكانیان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدا هاتۆتەوە و داواش دەكەین تێستی ئامێرەكانی دەنگدانی ئەلیكترۆنی بكرێت.
د.موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاوڵاتی پەیوەندیان پێوەكردوم كە لەهەرێمی كوردستان لەبەشێك لە بنكە و ناوەندەكانی كۆمسیۆن دەستكاری ناوی بەشێك لەو كەسانە كراوە كەناویان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان هاتۆتەوەو لەبری ئەو كەسانەی ناویان هاتۆتەوە، كەسی دیكە خراوەتە شوێنیان.
هەروەها ووتیشی: بەدواداچونم بۆ ئەو پرسەكردو گەیاندمە كۆمسیۆنی باڵا لەعێراق و ئەمڕۆ لە كۆمسیۆنی باڵای عێراقەوە پەیوەندیان پێوە كردمەوە و پێیان ڕاگەیاندم كە بڕیاریانداوە لێپرسینەوەی پێویست لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە بەو كارە هەستاون ئەو هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە و ئەو كەسانەی كە ناویان هاتۆتەوە بەشێوەی ڕیزبەندی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و پاش و پێشخستنی ناوەكان هەڵدەوەشێتەوە.
د.موسەننا ئەمین هۆشداریشی دایە بەرپرسانی كۆمسیۆن لە هەرێم ئەگەر بێت و لەڕێنمایەكان دەربچێت و دەستكاری ناوەكان بكەن ئەوە یاریكردنە و لێ ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.
سەبارەت بە ئامێرەكانی تایبەت بەدەنگدانی ئەلیكتۆرنی، ,وتى: دوێنێ چوار شەممە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی ئەمریكا گفتوگۆم كرد لەسەر ئامێرەكانی دەنگدانی ئەلیكترۆنی كەپێویستە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن تێستیان بكرێت و هاوڵاتیان دڵنیا بكرێنەوە كە ئامێرەكان دورن لە هاك كردن و دەستێوەردان و یاریكردن بە دەنگەكان.
ش.ك