وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌:هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كورسییه‌وه‌ نییه‌.. هه‌وڵێكی‌ سیاسییه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌و ناسه‌قامگیرییه‌

ماموستا كامیل مه‌حمود، وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند “وا نازانم  ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت كه‌ هیچ هێزێكیان لێ نه‌بێته‌وه‌ و په‌رته‌وازه‌ نه‌بن، چونكه‌ ئه‌مه‌ واقیعی‌ سیاسی‌ كوردستانه‌ و له‌وانه‌یه‌ ره‌چاوكاری‌ بۆ لایه‌نه‌ ناوخۆ و ده‌ره‌كییه‌كان هه‌بێت،  تائێستا كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ سته‌ملێكراوی‌ هه‌موویانه‌، به‌ڵام تا چه‌ند داكۆكی‌ له‌و سته‌ملێكراوییه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ بۆ ئاینده‌ ده‌مێنێته‌وه‌”.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد “بزانین هێزه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هاوپه‌یمانیان چۆن له‌گه‌ڵیان رێكده‌كه‌ون، ئایا ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و متمانه‌یه‌ ده‌بن كه‌ جه‌ماوه‌ر پێیداون، به‌ڵام به‌شێوه‌ی‌ ساخته‌كاری‌ متمانه‌كانیان سڕدراوه‌ته‌وه‌”.

وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ وتیشی‌ “له‌ئێستاشدا هه‌ماهه‌نگی ئه‌و لایه‌نانه‌ وه‌كو پێویست نابینم، چونكه‌ ته‌نها بریتییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه‌ و هه‌ڵوێستی‌ میدیایی‌، تائێستا هیچ هێزێكیان هه‌ڵوێستی‌ ئاشكرای‌ خۆی‌ رانه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ ئایا له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ده‌ڕواته‌ به‌غدا یان نا كه‌ ئه‌وه‌یان گرنگه‌”.

كامیل مه‌حمود روونیكرده‌وه‌ “ئاگادارم حزب هه‌یه‌ خۆیان بڕیاریان داوه‌ نه‌چنه‌ به‌غدا، به‌ڵام چاوه‌ڕێی‌ هێزه‌كانی‌ دیكه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان رابگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵیان هاوهه‌ڵوێست بن، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م جورئه‌تی‌ سیاسییان نییه‌ كه‌ بڵێین ناڕۆینه‌ به‌غدا، ئه‌گینا زۆربه‌ی‌ هێزه‌كان قه‌ناعه‌تیان وایه‌ دوای‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌كه‌ون بۆ به‌غدا بۆ به‌شداری‌ په‌رله‌مان”.

بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌چه‌ند كاندیدێك چووه‌ نێو لیستی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، به‌ڵام هیچ كاندیدێكی‌ سه‌رنه‌كه‌وت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئه‌وان كورسیان له‌ په‌رله‌مان نییه‌، بۆچی‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌.

وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ ده‌ڵێت “ئێمه‌ سه‌رخه‌ری‌ لیستی‌ 175 بووین، ئه‌گینا كورسیمان نییه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستمان ئه‌وه‌یه‌ سنورێك دابنرێت بۆ ئه‌و هه‌موو سته‌م و زوڵمه‌ كه‌ ئێستا ساخته‌كارییه‌كی‌ ره‌هایشی‌ هاته‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر كورسیمان هه‌بوایه‌ بایكۆتی‌ به‌غدامان ده‌كرد”.

هه‌روه‌ها وتیشی‌ “هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كورسییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌وڵێكی‌ سیاسییه‌ بۆ ئه‌و كۆتایی هێنان به‌و ناسه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ساخته‌كارییه‌وه‌ دروستبووه‌، راسته‌ كورسیمان نییه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ نه‌ڕۆنه‌ به‌غدا”.

دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاری‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی‌، بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، شیوعی‌ دژی‌ ئه‌نجامه‌كان به‌ره‌یه‌كی‌ ناڕازییان پێكهێناوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بایكۆتی‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراقیش ده‌كه‌ن.

بابەتی دواتر

پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە

بە‌ڕێزان بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە سڵاوێكی گەرم.. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *