شەش لایەنی سیاسی لەسەر هەلبژاردنەكانی هەرێم هۆشداری دەدەن

باسك نێت

شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان داوا دەكەن كۆمسیۆن بەهیچ شێوەیەك سندوقی ئەلیكترۆنی بەكار نەهێنێت لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان؟

دەقی راگەیەندراوەكە

بەڕێز ئەنجومەنی كۆمیسیاران ـكۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی
بابەت / هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
پاش سڵاو و ڕێز..
بەڕێزان، هەڵبژاردنی 12/5/2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ یەكەمینجار كەمترین ڕێژەی بەشدرابوونی تۆمار كرد كە 44% بوو. شێوازی ئەنجامدانی پرۆسەكە و ساختەكاری لەدەرەنجامەكانی ناڕەزایەتیەكی زۆری لەسەرتاسەری عێراق و كوردستان دروست كرد.
ئاشكرایە كە 30/9/2018 دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئێمە بەناوی ئەو پارتە سیاسیانەی كە لەخوارەوە واژۆمان كردووە، ئەم نوسراوە ئاراستەی بەڕێزتان دەكەین، لە پێناو گێرانەوەی متمانە بۆ جەماوەر و خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی دیموكراسی لەكوردستان و پاراستنی ئەزمونەكەمان، بەو ئومێدەی كۆمسیۆنی كوردستان ئەزمونێكی جوان و شەفاف و بێلایەنانە پێشكەش بكات. داواكارین بەڕێزتان بەگرنگیەوە لەم نوسراوە بڕوانن و بەئەركی یاسایی و مێژوویی خۆتان هەستن، تا بیسەلمێنن بۆ هەموو لایەك كە كۆمسیۆنی كوردستان لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی كارەكانی خۆی دەكات و لەداهاتوودا ڕووبەڕوی ڕەخنەو لێپێچینەوەی یاسایی نەبن.
داواكاریەكانمان لەم چەند خاڵەدا چڕ دەكەینەوە:
1. تۆماری دەنگدەران بەو شێوەیەی كە ڕاتانگەیاند بوو بۆ خەڵكی كوردستان، بژار بكرێت لەو هەڵە و كەموو كوڕیانەی كە لە میدیاكانەوە باس دەكرێت وەك بوونی ناوی (دوبارە، مردوو، ئاوارە، نایاسایی و…هتد
2. بەهیچ شێوەیەك كار بە سكانەر و سندوقی زیرەك (ئەلیكترۆنی) نەكرێت بۆ هەژماركردنی دەنگەكان لەهەڵبژاردنەكان، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 خراپترین هەڵبژاردنی مێژووی نوێی عێراق و كوردستان بوو. وە ئێمە هیچ پاساوێك بۆ ئەو بابەتە نابینین و دژی دەوەستینەوە. چونكە پێمان وایە ئەم بابەتە:
أ/ ڕێگایەكی مەترسیدارە بۆ ساختەكاری و دەیان ئەگەری هەیە و ناتونرێت ڕێگای لێبگیرێت.
ب/ لە كوردستان هیچ ژێرخانێكی تەكنەلۆجی و مرۆیی نیە بۆ ئەم بابەتە.
ج/هەژموونی حیزبی هەیە بەسەر هەموو داموودەزگا یاسایی و ئەمنیەكانەوە.
د/ بەهەدەردانی كات و سامانی گشتیە بۆ كارێكی شكستخواردوو.
ه/ ئەزموونێكی زۆر تاڵمان تۆمار كردوە لەگەڵ تەكنەلۆجیا و هەڵبژاردن.
و/ زۆرینەی وڵاتە پێشكەوتووەكان خۆیان بەدوور دەگرن لەم بابەتە.

3. لەساڵانی ڕابردوودا ئەگەرچی سكاڵا هەبووە لەسەر ڕێگای تەقلیدی و هەژماری دەستی، بەڵام پرۆسەكە زۆر باشتر بووە لە هەژماری ئەلەكترۆنی. بۆیە دەبێت كۆمسیۆن هەستێت بەدیاریكردنی ئەو خاڵە لاواز و دەروازانەی لە ڕابردوودا بوونەتە مایەی ساختەكاری لەكاتی هەژماری دەستی پرۆسەكە. پاشتریش بە دەركردنی پەیڕەو و ڕێكاری پێویست ڕێگری بكات لەو هەوڵانە و بنبڕی بكات.
4.كۆمسیۆن هەموو هەنگاوەكانی بەشەفافی ئەنجام بدات و پارتە سیاسیەكان و جەماوەر بەگشتی ئاشنا بكات بەكارەكانی و ڕاوێژ بەهاوبەشەكانی بكات، بۆ ئەوەی پردی متمانە بونیاد بنێینەوە و جەماوەر ئاشت بكرێتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا بایكۆتی هەڵبژاردنەكان نەكەن لەداهاتوودا.
5.كۆبونەوەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمسیۆن و ئەو شەش حزبەی كە واژویان كردوە بكرێت پێش دەستكردن بە ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
لەكۆتاییدا: جارێكی تر جەخت دەكەینەوە لەسەر پاڵپشتیمان بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان لەپێناو پرۆسەیەكی پاك و بێگەرد و هیوادارین كۆمسیۆنیش بە ئەركی یاسایی خۆی هەستێت و بەدەم داواكاریەكەمانەوە بێت. ئێمەش لەو پێناوەدا و بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموكراسی بچێتەوە سەر ڕێرەوە ڕاستەقینەكەی خۆی و متمانە بۆ جەماوەر و لایەنە پەیوەندیدارەكان بگێڕینەوە، هەموو رێگایەكی یاسایی و فشاری مەدەنی دەگرینەبەر و بێدەنگ نابین لە هیچ كار و هەڵوێستێك بە زیانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی بێت لە كوردستان.
هیوادارین هەموولایەك بە ئەركی خۆی هەستێت و كۆتایی پرۆسەكان بە قازانجی خەڵكی كوردستان كۆتایی بێت.

• بزوتنەوەی گۆڕان.
• یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
• كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.
• هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.
• بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان.
• حیزبی شیوعی كوردستان.
21/5/2018

ب.هـ

بابەتی دواتر

پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە

بە‌ڕێزان بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە سڵاوێكی گەرم.. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *