نیشانەكانی پێوەدانی دووپشك و چارەسەری بەپەلە

كاتێك دووپشك بە كەسێكەوە دەدات چەند نیشانەیەك لەسەر جەستەی ئەو كەسە بەجێدەهێڵێت و زۆر جار ڕووبەڕووی مەرگ-ی دەكاتەوە، بەڵام چەند فریاگوزارییەكی سەرەتایی هەیە پێویستە بۆ كەسەكە بكرێت تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان دەڵێت: “زۆربەی كات تەنها هەندێك نیشانەیان ئەبێت لە شوێنی پێوەدانی دووپشكەكەدا بۆ نمونە وەك ئازار لە شوێنی گەستنەكە، كە لەوانەیە توند بێت یان سڕبوون و مێروولەكردن لە شوێنی گەستنەكە یاخود لەوانەیە هەندێكجار ئاوسانێكی كەم لە دەوروبەری شوێنی گەستنەكە ببینرێت”.
وەك ئەو پزیشكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، لەوانەیە هەندێكجار نیشانەی مەترسیدار ببینین لە ئەنجامی كاریگەری بڵاوبونەوەی ژەهرەكە بەناو لەشدا، وەك:
1- هەناسەدان بە گرانی.
2- گرژبونی بە ئازاری ماسولكە.
3- جوڵەی نائاسایی سەر و مل و چاو.
4- لیك هاتنەخوارەوە بە دەمدا.
5- ئاڕەقكردنەوەی زۆر.
6- ڕشانەوە و دڵ تێكهەڵاتن.
7- فشاری خوێن بەرز ئەبێتەوە.
8- لێدانی دڵی خێرا ئەبێت و هەندێكجار ناڕێك ئەبێت.
9- گریانێكی زۆر و ناڕەحەتیەكی زۆر لە منداڵدا.
دەشڵێت: “لە كاتی بوونی ئەو نیشانانەدا پێویستە بە زووترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكرێت بۆ پاراستنی ژیانی كەسەكە”، چونكە وەك ئەو پزیشكە دەڵێت: “ژەهری دوو پشك بە پێی شوێنی جوگرافیا ئەگۆڕێت بۆ نمونە دووپشكی ناوژەی عەربەت بە ناوبانگە”.
لە كاتی پێوەدانی دووپشك پێویستە چی بكەین؟
1- پاككردنەوەی شوێنی گەستنەكە بە ئاو و سابونێكی كەم.
2- بەكارهێنانی سەهۆڵ بۆ شوێنی گەستنەكە بۆ ماوەی 10 خولەک و دواتر لابردنی سەهۆڵەكە بۆ ماوەی 10 خولە و دواتر دانانەوەی سەهۆڵەكە لە شوێنی گەستنەكە بە هەمان شێوەی پێشووتر.
3- ئەگەر هەستت بە ناڕەحەتی پڕۆسەی قوتدان كرد تكایە نە خواردن و نە شلەمەنی مەخۆ.
4- ئەگەر ئازاری زۆر بوو ئەتوانیت دەرمانێكی ئازارشكێن بەكاربهێنیت، بەڵام بە ڕێنمایی پزیشكی.

 

ب.هـ

بابەتی دواتر

وەزیری كشتوكاڵ لەبارەی ساختەكردنی نوسراوێكی رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ نووسراوێكی ساخته‌، كه‌ ئیمزای وه‌زیری كشتوكاڵی به‌ ساخته‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر، هه‌وڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *