بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رای دەگەیەنێت ڕێگە بە كۆمپانیای “میكس میدیا” دراوە پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان لە سەنتەری شارەكان رابگرێت.
محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بهباسی راگەیاند كۆمپانیاكە نرخی ئامێری وەرگری لە 95 هەزار دینارەوە بۆ 39 هەزار دینار كەم كردووەتەوە.
گوتیشی: “دوای كەمكردنەوەی نرخی ئامێرەكە، كۆمپانیاكە ڕێگەی پێدراوە لە سەنتەری شارەكانی هەولێر و سلێمانی بە سیستمی نوێی پەخش كار بكات، دەرەوەی شارەكانیش بە هەمان سیستمی پێشووتر كار دەكەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كە پرۆسەكە لە 19ی مانگەوە دەستی پێكردووە و ماوەی 20 رۆژ دەخایەنێت و ئێستاش نزیكەی بیست كەناڵ لە هەولێر راگیراون”.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی داد، رۆشنبیری و ئەنجومەنی پارێزگا، بەهۆی گرانی نرخی ئامێری وەرگر و قەیرانی داراییەوە، بڕیاری ڕاگرتنی سیستمی نوێی DVBT2 لە ناوەندی شاردا ڕاگەیاند.
ب.هـ