چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داخستنی دەزگای ستاندەر ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر داخستنی دەزگای ستاندەر ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە كەتێیدا هاتووە:” ئەوەی ئەنجام دراوە بەرامبەر بە دەزگای ستاندەرو چالاكوانان و دەنگی ئازادو بیروڕای جیاواز دەچێتە خانەی ئەو ھەوڵانەی كە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاك لایەنەی حزبی لەئارادایە”.

چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان كەپێك هاتوون لە فراكسیۆنەكانی (فراكسیۆنی گۆڕان و فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی) ڕاگەیەندراوێكیان لەسەر داخستنی دەزگای ستاندەر بڵاو كردەوە و داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەرێم دەكەن چیدی بێدەنگ نەبن لەم پێشێلكاریانەی مافەكانی مرۆڤ و بانگێشتیان دەكەن بۆ پشتیوانی كردنی ئازادی و دیموكراسی و پارێزگاری لەمافەكانی مرۆڤ تاكو سنورێك بۆ دەسەڵاتی پارتی دیموكرات دابنرێ.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ كاتژمێر 3:30 خولەك هێزێكی ئەمنی چوونەتە سەر دەزگای ستاندەر و دەرگای دەزگاكەیان داخستووە كە بڕیار بووە ئەمڕۆ كۆڕێك بۆ (عەبدوڵا ئاگرین و محەمەد كیانی) لە دەزگای ستاندەرلەژێر ناونیشانی ” ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە و كاریگەرییەكانی ئاسۆی چارەسەر” ساز بكرێت.
دەقی بەیاننامەكە:

ئەمڕۆ ١٥/٣/٢٠١٧ لە شاری ھەولێر لەكاتێكدا دەزگای ستاندەر سیمینارێكی ڕێكخستبوو بۆ چارەسەری كێشەی نێوان پارتی دیموكرات و پەكەكە، ھێزێكی زۆری نەناسراو كە دواتر ھێزەكان ھەریەكەو بەجیا خۆی دەناسێنێ بەناوی ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو دەڵێن بەفەرمانی سەرۆكایەتی ھەرێم ھاتوین و ڕێگری لەئەنجامدانی سیمینارەكە دەكەن و دەست بەسەر بیناو كەلوپەلی دەزگای ستاندەردا دەگرن و ھەموو میوانەكان و ستافی دەزگاكەش دەردەكەن.

ئەمەی لەشاری ھەولێر لەلایەن پارتی دیموكراتەوە ئەنجام دەدرێت لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەرو ڕشتنی خوێنیان و گرتن و ڕفاندنی چالاكوانان و داخستنی دەزگای ستاندەر ڕێگریە لە دەنگی ئازادو بیروڕای جیاواز كە ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستانی بەتەواوی ئاڵۆز كردووەو ئاسۆی كاری مەدەنی و دیموكراتی بەرتەسك كردۆتەوە بەجۆرێك ھەركەس و لایەك بەدڵی ئەوان نەبێ یان دەریدەكەن یان ڕێگری لێ دەكەن.

ئەوەی ئەنجام دراوە بەرامبەر بە دەزگای ستاندەرو چالاكوانان و دەنگی ئازادو بیروڕای جیاواز دەچێتە خانەی ئەو ھەوڵانەی كە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاك لایەنەی حزبی لەئارادایە و شێوازێكی مەترسیداری پاوانكاری ئازادی و پێشێلی بەردەوامی مافەكانی مرۆڤە.

داواكارین نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرایەتی وڵاتان لە ھەرێم چیدی بێدەنگ نەبن لەم پێشێلكاریانەی مافەكانی مرۆڤ و بانگێشتیان دەكەین بۆ پشتیوانی كردنی ئازادی و دیموكراسی و پارێزگاری لەمافەكانی مرۆڤ تاكو سنورێك بۆ دەسەڵاتی پارتی دیموكرات دابنرێ.

فراكسیۆنی گۆڕان

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی

فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی

١٥/٣/٢٠١٧

بابەتی دواتر

كرێکارێک لەکاتى کارکردندا لە قەزای شارەزوور بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانى لەدەستدا

كرێکارێک کە لە نەتەوەى عەرەبە لەکاتى کارکردندا لە قەزای شارەزوور بەهۆى تەزووى کارەباوە گیانى لەدەستدا. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *