كوا به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنته‌كانی تاوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه؟‌

كامیل مه‌حمود

 

تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕێگای پرۆسه‌یه‌كی ترسناكی كیمیابارانكردنه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی هه‌ژاندو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر دۆزی گه‌لێكی سته‌مدیده‌ هێنایه‌ ده‌نگ، به‌ڵام ئه‌فسوس ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد تائێستاش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌م تاوانه‌و تاوانه‌كانیتریش بۆ خزمه‌تی دۆزی گه‌له‌كه‌یان ته‌وزیف بكه‌ن و وه‌ك كارتێكی سیاسی و مرۆیی به‌كاری بهێنن.

(27) ساڵه‌ ئه‌م تاوانه‌ رووی داوه‌و دوو ساڵ دوای تاوانه‌كه‌ش كوردستان ئازاد كراو كورد بوویه‌وه‌ به‌خاوه‌نی خۆی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌موو به‌دواداچوون و خستنه‌ڕووی ورده‌كارییه‌كانی رووداوه‌كه‌و بكه‌رانی تاوانه‌كه‌ی‌ كه‌وته‌ ده‌ست، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی گه‌وره‌یی قه‌واره‌ی تاوانه‌كه‌ بكاته‌ به‌شێك له‌زاكیره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌كه‌ی به‌غداش، به‌ڵكو خه‌ریكه‌ له‌زاكیره‌ی خۆی و نه‌وه‌ی سه‌رده‌می تاوانه‌كه‌شدا ون ده‌بێت و له‌یاد ده‌چێته‌وه، ئیتر باس له‌نه‌وه‌ی دوای كیمیاباران ناكه‌ین كه‌ ته‌نها یادێكی بێ ناوه‌رۆكی(شانزه‌ی سێ)ی هه‌موو ساڵێكیان بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

چۆن زاكیره‌ی ئێمه‌و جیهانیان له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌م تاوانه‌ خاڵی نابێته‌وه‌ له‌كاتێكدا ساده‌ترین كارێك كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ پێویسته‌ نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین یان هه‌ر نه‌مانویستووه‌ ئه‌نجام بدرێت كه‌مه‌به‌ستم ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌.

كاری دیكۆمێنتكاری و پاراستنی به‌ڵگه‌كانی روودانی تاوانی كیمیاباران و هێشتنه‌وه‌ی شوێن و جێگا ده‌رونهه‌ژێنه‌كانی ناو وێنه‌ تراژیدییه‌كان و پاراستنیان نه‌ك هه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵكو هه‌ر خۆیان ئه‌و شوێنه‌واره‌ دیكۆمێنتی و مێژووییانه‌ له‌ناو ده‌بن یان بێ ده‌نگ ده‌بن له‌ له‌نێوچوونیان، بۆ نموونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌وێنه‌كانی كیمیاباراندا ده‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه‌‌و زۆرترین مرۆڤی هه‌ڵه‌بجه‌ی تیادا به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتووه‌و له‌پشتیانه‌وه‌ چیرۆكی دڵته‌زێنی چۆنیه‌تی مردنه‌ به‌ئازاره‌كانیان ده‌ماوده‌می پێ ده‌كرێت ئه‌مڕۆ ئه‌و شوێنانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو نه‌خشه‌ی بینا به‌رزه‌كان و باخه‌ ره‌زه‌كانی ئه‌م و ئه‌و، كه‌ له‌كانێكدا ده‌بوو كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌وانی شاره‌كه‌ به‌ده‌وریاندا سیاجی تایبه‌تی دروست بكردایه‌و پۆسته‌راتی گه‌وره‌ی وێنه‌ به‌ئازاره‌كانی دوێنێی كیمیابارانی به‌ته‌نیشتیانه‌وه دابنایه‌و به‌زمانه‌ زیندووه‌كانی دنیا له‌سه‌ری بنووسرایه‌(له‌م جێگایه‌دا ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ رووی داوه‌)..

له‌چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی حزبی و حكومیدا ئه‌م بیرۆكه‌و گله‌یی و گازندانه‌م به‌ به‌رپرسان گه‌یاندووه‌و تكای ئه‌وه‌مان كردووه‌ با ئاسه‌واره‌كانی كیمیاباران و كاولكاری شار وه‌ك دیمه‌نی مێژوویی و به‌ڵگه‌ی دیكۆمێنتكاری پارێزراوبێت و بكرێنه‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌شتیارانی جیهان بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ده‌روونیاندا بچه‌سپێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا جووڵه‌یه‌كی به‌رپرسیارانه‌مان له‌م رووه‌وه‌ نه‌بینیوه‌.

جگه‌ له‌وه‌ له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا مۆزه‌خانه‌یه‌ك بوونی نییه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌ندێ كه‌ره‌سه‌ی سه‌ربازی سه‌رده‌می به‌عس و پاشماوه‌ی موشه‌كه‌كانیان و كۆمه‌ڵێك كاڵاو شمه‌كی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه، تازه‌ باس له‌ هێنانه‌وه‌ی فرۆكه‌یه‌كی ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه‌ ده‌كرێت له‌كاتێكدا فرۆكه‌وانه‌كه‌ی له‌شه‌قامه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپیدا ئازادانه‌‌ ده‌سوڕێته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ مێژوومان هه‌یه‌، له‌ناو ئه‌و مێژووه‌شدا خۆشی و ناخۆشی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆمان كۆتاییمان به‌خۆشییه‌كانمان هێناوه‌و ناخۆشییه‌كانیشمان به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا كردووه‌، سوودمان له‌وێستگه‌ مێژووییه‌كانمان نه‌بینیوه‌و دواتریش كردوومانه‌ به‌حیكایه‌تی ناو كتێبه‌ بێ كه‌ڵكه‌كان و ناومان ناوه‌ مێژوو، له‌كاتێكدا مێژوو به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتی ده‌وێ، كه‌واته‌ كوا به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌كانی زه‌مه‌نی تاوان و جینۆساید؟! ‌‌

بابەتی دواتر

“نەرێت و ڕووانینـە هەڵەکـانی ئێمە بۆ کاتی پرسە “

“نەرێت و ڕووانینـە هەڵەکـانی ئێمە بۆ کاتی پرسە “ دیاری حمەامین حمەساڵح نەوڕۆڵی “ لەژێر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *