وتاری سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاند
ئه‌ردۆغان دوای ده‌رچوونه‌وه‌ی سوپاسی خودا ده‌كات

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لێدوانی لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پێشکەش کرد.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری ئیستانبوڵ قسەی کرد و گوتی: “لە خوا داواکارم ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەل و وڵات”.

ئەردۆغان رایگەیاند: “ئەنجامە نافەرمییەکانی ھەڵبژاردن ئاشکرا بوون. بەم پێیەش گەلەکەمان ئەرکانی سەرۆکایەتی کۆمار و دەسەڵاتی جێبەجێکاری بە من داوە”.

سەرکۆماری تورکیا پیرۆزبایی لە گەلی تورکیا کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی دیموکراسی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران و گوتیشی: “دووبارە سەرکەوتنی دیموکراسی ٢٤ی حوزەیران لە گەلەکەم پیرۆز دەکەم”.

ئەردۆغان گوتیشی: “(گەلەکەمان) بە پێدانی زۆرینەی پەرلەمان بە ھاوپەیمانی کۆمار و ئاک پارتی، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەی خستە سەرشانی لەبارەی ئەرکی یاسادانان”.

ئەردۆغان راشیگەیاند: “خۆشحاڵم بەوەی لە ھەموو ناوچەکانی وڵات ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی تەواو ئەنجام دران”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێژەی بەشداربوونی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا گوتی: “تورکیا بەڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا بە نزیکەی لەسەدا٩٠، وانەی دیموکراسی بە تەواوی جیھاندا”.

ئەردۆغان گوتیشی: “ئومێدەوارم ھیچ کەسێک بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی سێبەر نەخاتە سەر سیستەمی ھەڵبژاردن و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و، زیان نەگەیەنێت بە ھێزی گەورەی دیموکراسی وڵاتەکەمان”.

لەبارەی ئامانجەکانی ٢٠٢٣ گوتیشی : “ھەوڵ و تەقەڵڵامان ئەوەیە لەم قۆناغەدا وڵاتەکەمان بگەیەنینە ئامانجەکانی ٢٠٢٣”.

ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: “ئیدی کاتی وەلانانی مشتومڕ، گرژی و کێشەکانی ساتەوەختی ھەڵبژاردن و چڕکردنەوەی سەرنج بۆ داھاتووی وڵاتەکەمانە”.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: “ئەوانەی لە وڵاتەکانی خۆیاندا رێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا ناگاتە لەسەدا ٥٠ و ئەنجامەکانیشی بە دیموکراسی دەبینن بەڵام ھێشتا بە سەرسوڕمانەوە تەماشای وڵاتەکەمان دەکەن، داوایان لێدەکەم زۆر بەباشی ئەو ئەنجامانە بخوێننەوە”.

ئەردۆغان گوتی: “ھەرگیز رێگە نادەین لەم وڵاتەدا ھیچ کەسێک لەبەر بنەچە، باوەڕ، پۆشاک و جۆری ژیانی یان بەھۆی ھەر جیاوازیەکی دیکەوە دڵیبشکێنرێت، مافەکانی سنوورداربکرێت و ئازادی بەرتەسک بکرێتەوە”.

ئەردۆغان راشیگەیاند: “ئەو ھاووڵاتییانەی پێشتر بە ھەر ھۆکارێک جیاکارییان پێکرابێت وەک ھاووڵاتیی پلە یەکی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن لە سوودمەندبوون لە ھەموو تواناکان ھەر لە دیموکراسییەوە بیگرە تاکو دەگاتە ئابووری”.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ بەھێزکردن و دەوڵەمەندکردنی وڵاتەکەیان و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دادپەروەر بۆ تاکەکانیان تاکو سوودمەند بن لە خۆشوزەرانی.

ئەردۆغان گوتی: “راسپاردەی گەل بۆ ئێمە لە بەڕێوەبردنی وڵات، ناموسی ئێمەیە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوە”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە ئەوان تورکیا دەکەنە یەکێک لە ١٠ گەورەترین وڵاتانی جیھان. لەمبارەیەوە گوتیشی: “ئەو تورکیایەی رزگارمان کرد لە کودەتاچییەکان، پیلانگێڕانی سیاسیی-ئابووریی، چەتەکانی شەقا و رێکخراوە تیرۆریستییەکان، تا نەیکەینە یەکێک لە ١٠ گەورەترین وڵاتانی جیھان، راوەستان و پشوودان لای ئیمە نییە”.

ئەردۆغان گوتیشی: “جارێکی دیکە لە خوا داواکارم ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان. جارێکی دیکە سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە رۆڵیان ھەبووە لە خەباتکردن، رەنجکێشان و دەنگدان بەو جەژنە دیموکراسییە. بەردەوام دەبین لەگەڵ گەلەکەمان بەو رێگایەی تورکیا بەرەو رۆشنایی دەبات. خوا یار و یاوەری گەل و وڵاتمان بێت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە بارەی ھەڵبژاردنەکان گوتیشی: “ھەرچەندە لە پەرلەمان نەمانتوانی بگەین بە ئامانج، پشتیوان بەخوا بەھەموو ھەوڵ و تەقەڵڵامانەوە ئەوەی لەدەستمان بێت وەک ھاوپەیمانی کۆماری ھەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین”.

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانی گوتی: “سوپاسی خوا دەکەم کە ئەو بەندەی خۆتت کردە خزمەتکاری ئەم گەلە، چەند شوکرانەبژێری تۆ بم ھێشتا کەمە”.

ب.هـ

بابەتی دواتر

پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە

بە‌ڕێزان بنەماڵەی مامۆستا شێخ صدیق عەبدولعەزیزی هەڵەبجە سڵاوێكی گەرم.. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *