بڕیارە سبەینێ سەرۆکی ٢٢ وڵات و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی ٢٨ وڵاتی جیھان و سکرتێری گشتی شەش رێکخراوی نێودەوڵەتی لە رێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەبن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وەرگیراون، سبەینێ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کاتژمێر ٠٤:٣٠ی ئێوارە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی دەخوات و پاشانیش سەردانی مەزاری ئەتاتورک لە ئارامگەی ئەنتکەبیر دەکات.
دواتریش کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی باڵای بیانی و ناوخۆیی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، رێورەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی کۆمار دەستپێدەکات.
دواتریش ئەردۆغان ئێوارە خوانێک پێشکەشی میوانەکانی دەکات و لە ھەمان شەویش سەرکۆمار ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کابینەی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.