سەرکردەکانی یەکێتی ھەڕەشەی ئاشکراکردنی “فایل”ەکانی یەکتر دەکەن

سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی میدیاکانەوە، ھەڕەشەی ئاشکراکردنی فایلەکانی یەکتر دەکەن و بەو ھۆیەشەوە نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە، سکاڵا لە دژی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی تۆمار دەکات.

پاش ئەوەی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە بەهرۆز گەڵاڵى، وتارێکی بە ناوی (رەخنەیەکی حزبییانە بۆ ھەڤاڵ مەلا بەختیار) نووسی و تێیدا بە توندی ڕەخنەی لێی گرت و ئاماژەی بەوە کرد:”ئەوەی لای من جێگەی سەرسوڕمانە، یەکێک لەوانەی کە لەناو یەکێتیدا زۆر باسی دیموکراسی و پێشکەوتنی دیموکراسی دەکات، ھەڤاڵ مەلا بەختیارە! کەچی تێبینی ئەوەم کردووە، لە کۆبوونەوەیەک کە ھەڤاڵ مەلا بەختیار بزانێ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە وەکو کە خۆی دەیەوێ تێپەڕ نابێ، ناچێتە کۆبوونەوەکە، تا پیشانی حزب و لایەنەکان و جەماوەری بدات کە خۆی ناڕازییە لە سەر ناوەڕۆکەکەی؟”. چەند نموونەیەکیشی لەمبارەیەوە ھێناوەتەوە.

لە بەرامبەردا و لە وەڵامى نوێنەرى يەكێتى لە ئەنقەرە بەهرۆز گەڵاڵى، ماڵپەڕی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، چەند وتارێکى بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بە توندی وەڵامی بەھرۆز گەڵاڵی دراوەتەوە و لە وتارێکدا کە بە ناوی (لە یادی ھەڵەبجەدا.. وەڵامێکی فایلانەی ڕەخنەیی ھەڤاڵانەی بەھرۆز گەڵاڵی) لەلایەن ڕابەر قەرەداغی بڵاو کراوەتەوە، تۆمەتی فایلداری خراوەتە پاڵ گەڵاڵی و بە “خیانەتکار”وەسف کراوە.
لە ھەمان ماڵپەڕدا، وتارێکی دیکە بە ناوی (بەھرۆز گەڵاڵی؛ ھەم فاوڵ‌و ھەم ناھەقی ..!) بە قەڵەمی ئازادی مەحموود شاسوار بڵاو کراوەتەوە و تێیدا پرسیاری ئەوە کراوە، گەڵاڵی، چەندە لە دیموکراسی و لە مێژووی سەرھەڵدانی ڕەوت و گەشەی پرۆسەی دیموکراسی و لە عەقڵی دیموکراسی شارەزایە؟ چەند کتێبی لەبارەی دیموکراسییەوە خوێندووەتەوە؟ ئایا ھیچ لەسەرھەڵدانی دیموکراسی وەک پرۆسەیەکی مێژوویی و قۆناغەکانی دەزانێت؟ ئایا تا ئێستا چەند بەدواداچوونی لەسەر پرۆسەی دیموکراسی کردووە؟

لە بەرامبەر ئەو کاردانەوەی میدیاکانی نزیک لە مەلا بەختیار، ئەمڕۆ شەممە 18\3\2017، بەھرۆز گەڵاڵی، لە نووسینێکیدا جارێکی دیکە وەڵامی مەلا بەختیاری داوەتەوە و مەلا بەختیاری بە ”فایلداری“ تۆمەتبار کردووە. ھاوکات ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە سکاڵای یاسایی لە دژی مەلا بەختیار تۆمار دەکات و داوای پێکھێنانی لێژنەیەک لە سەرکردایەتیی حزبەکەی دەکات، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکەن.

بابەتی دواتر

فەرمی.. کات و شوێنی کلاسیکۆی ئیسپانیا دیاریی کرا

کلاسیکۆی بەرشەلۆنەو ریاڵ مەدرید لە 18ی مانگی 12 لەکاتژمێر 10ی شەو ئەنجام دەدرێت. رابیتەى خولی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *