“له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ كۆتایی دێت”

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و چاكسازییەكانی حكومەت دۆخی ئابووری هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و دەشڵێت: “دوای چەند رۆژێكی دیكە سیستمی پاشەكەوتی مووچە كۆتایی دێت”.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان به ‌ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، “دوای گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و چاكسازییەكانی حكومەت دۆخی ئابووریی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بۆیە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكی جدی له ‌وەبەرهێنەران و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەداتەوە، بۆیە سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوەیە جووڵە بخاتەوە بازاڕەكان”.

وتیشی: “حكومەتی هەرێم ئێستا پارە بۆ بەڵێندەران تەرخان دەكات بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی به ‌هۆی قەیرانی داراییەوە وەستێندرابوون جارێكی دیكە دەست پێ بكەنەوه،‌ ئەمەش هەنگاوێكی زۆر باشە و پێشوازی لێ دەكەین”.

ئاشكراشی كردووە، “بڕیارە حكومەتی هەرێم مانگانە برێك پارە بۆ بەڵێندەران خەرج بكات و ئەگەر دۆخەكە باشتر بێت پارەی زیاتریان بۆ خەرج دەكرێت، كە مانگانە زیاتر له ‌30 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەڵام نامانەوێت بڕەكە به ‌شێوەیەكی دیاریكراو دەستنیشان بكەین”.

مەلا یاسین ئه‌وه‌شی وتووه‌: “به ‌پێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، پڕۆژەكانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و بودجەی گەشەپێدان و بودجەی وەبەرهێنان دوای جەژن دەست بە خەرجكردنی پارەكەیان دەكرێت، ئەمەش وا دەكات جووڵەیەكی باش بكەوێتە بازاڕەوە”.

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان راشیگەیاندووە، “دەمانەوێت بە دوژمنانی گەلی كورد بڵێین، كە قەیرانی دارایی بەهیممەتی حكومەتی هەرێم بەرەو كۆتایی دەڕوات و بە رای من لە چەند رۆژی داهاتوودا سیستەمی پاشەكەوتی مووچە كۆتایی پێ دێت و جارێكی دیكە دۆخی ئابووری بۆ پێش قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە و دۆخی خەڵك زۆر باش دەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو كۆتایی دەڕوات و ئەگەر تا 100 ساڵی دیكە حوكمڕانی بكەین ناتوانین حكومەتێكی ئەوها ئەرك قورس ببینین، چونكە رووبەڕووی چەندین كێشە بووەوە، لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و كێشەی ناوخۆیی و كێشە لەگەڵ جیهان، بۆیە كابینەی هەشتەم بووە باشترین كابینە لە مێژووی كوردستاندا، كە توانی كوردستان له ‌داڕمان رزگار بكات، ئەمەش بەهیممەتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بووە، كە توانییان كوردستان له ‌شكست لە چوارچێوەی عیراقدا رزگار بكەن و ئێستاش رۆژ بە رۆژ كوردستان لەگەشەسەندندایە”.

بابەتی دواتر

پاشەزەوتی مووچە کە هێشتا بەردەوامە!!

(ڕوونکردنەوەیەک لە ژێر ناونیشانی : پاشەزەوتی مووچە کە هێشتا بەردەوامە ) بۆ ئەو فەرمانبەرانەى چەندساڵە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *