ڕێکخراوی یونیسیف: کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوە وگەشەپێدانی بواری پەروەردە لە عێراقدا

ئەمڕۆ ١٨ ئازاری ٢٠١٧، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق  لە دیدارێکدا لەگەڵ ویلیام ئەنتۆنی لیک بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی ڕێکخراوی یونیسیفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کاردەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی خوێندنگە و گەشەپێدانی سیستمی پەروەردە لە عێراقدا.

 بە گوێرەی بەیاننامەیەک کە لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە داعش هەوڵی داوە بۆ داشۆرینی مێشکی منداڵان و لاوان لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی تێکدەرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر دووبارە بنیاتنانەوەی سیستمی پەروەردە لە هەموو بوارەکاندا.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا نوسینگەی عەبادی ئاماژەی بەوەکردووە، کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی عێراق لەدەستی داعش زۆر نزیک بووەتەوە، ئەوەش وایان لێدەکات دووبارە گەشەپێدان و زیندووکردنەوەی کەرتی خوێندن لەناوچەکانی ژێر دەستی داعش و گرنگی دان بە تەندروستی منداڵان لە هەرە کارە لەپێشینەکانی ئەوان بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، جگە لە ستایشی کردنی ڕزگارکردنی خاکی عێراق و منداڵان لە مەترسییەکانی داعش، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یونیسیف سووربوونی ڕێکخراوەکەشی دووپاتکردەوە، بۆ هاوکاریکردنی بنیاتنانەوەی کەرتی پەروەردە و گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن و باشترکردنی تەندروستی منداڵان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردان و بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی ژێردەستی داعش، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەو زیانانەی کە بەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی کەوتووە لەوناوچانە.

بەهۆی هێرشی داعش لەساڵی ٢٠١٤ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و کۆنترۆڵکردنی چەند پارێزگایەک و بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە، زیانێکی گەورە بەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی کەوت، بە تایبەت بووە هۆی وێرانبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگە و نەخۆشخانە، هەروەها بووە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەندێک ناوچە و نەمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان.

بابەتی دواتر

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێراندا 106 كه‌س كوژراون

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایدەگەیەنێت، ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی بەردەوامە لە کوشتنی خۆپیشاندەران و دەشڵێت: له‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *